لە دۆسیەی گولستان دۆکو؛ دوو کەس خرانە زیندانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گولستان دۆکو، کچە کوردە بێسەروشوێنەکەی ئامەد، پۆلیسێکی پێشوو و فەرمانبەرێک بە بڕیاری دادگە خرانە زیندانەوە و دوو کەسیش بەمەرج ئازادکران. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 16 ـی نیسانی 2026 لەنێو ئەو چوار کەسەی لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گولستان دۆکو، لە ئەنقەرە دەستبەسەرکران، دوای رێکارەکان لە فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای دێرسم رەوانەی دادگە کران. 
 
گۆکهان ئەرتۆک پۆلیسی پێشوو، دوای لێپرسینەوەی داواکاری گشتی، بە داوای دەستگیرکردن رەوانەی دادگە کرا و دوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی "شاردنەوەی بەڵگەکان" خرایە زیندانەوە. 
 
ئەردۆغان ئەلئاڵدی کە لە کاتی رووداوەکەدا لە بەڕێوەبەرایەتیی تایبەتی پارێزگای دێرسم کاری کردووە و دەگوترێت دواکەس بووە بەرکەوتنی لەگەڵ گولستان دۆکو هەبووە، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" بە هەمانشێوە سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرا. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسانی 2026 هەریەک لە ساڤاش گولتورک و سلێمان ئۆنال کە هەردووکیان بەرپرس بوون لە کامێراکانی زانکۆی مونزور، بە مەرجی قەدەخەی چوونەدەرەوەیان لە وڵات، ئازاد بکرێن.
 
رۆژی سێشەممە 14 ـی نیسانی 2026 لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەدا کە لە ساڵی 2020ـەوە بەردەوامە، لە حەوت پارێزگادا 13 کەس دەستبەسەرکران. 
 
چی روویدا؟
 
گولستان دۆکو، خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە، لە پێنجی کانوونی دووەمی 2020ـەوە، کە ئەوکات تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ دێرسم چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. 
 
گوڵستان خوێندکاری بەشی گەشەپێدانی منداڵان بوو لە زانکۆی مونزور لە دێرسم
 
دوای ونبوونی گولستان دۆکو، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان کرد. لێکۆڵینەوە لەو شوێن و رێگایانە کرا کە دواجار گولستان دۆکو لێیان بینرابوو؛ کامێراکانی چاودێری، سیگناڵی تەلەفۆن و گوتەی شایەتحاڵەکان خرانە نێو دۆسیەکە.
 
بە مەبەستی گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا، بە فەرمانی سلێمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی ئەو کاتە، ئاوی بەنداوی ئوزونچایر زۆر کەمکرایەوە. بەڵام گەڕانەکە بێ ئەنجام بوو.
 
کەسوکاری گوڵستان، زەینەل ئابارۆکی هاوڕێی کچەکەیان بە تۆمەتبار دەزانن، کە بە رەچەڵەک رووسییە و زڕباوکەکەی لە دێرسم پۆلیس بوو. 
 
زەینەل ئابارۆک، رۆژی پێنجشەممە 17ی ئاداری 2022  لە شارۆچکەی ئاڵانیا سەربە پارێزگای ئانتاڵیا دەستبەسەرکرا و ئێوارەی هەمان رۆژ دوای وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن داواکاری گشتی دێرسم لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ، بە مەرجی چاودێریی دادی ئازادکرا و قەدەخەی گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات خرایە سەر.
 
باوکی ئاباکارۆڤ کە پۆلیس بوو، لە کارەکەی دوورخرایەوە.