پێشمەرگە كیمیاباران دەكرێ و ماسك بۆ سوپای عێراق دەنێرن
رووداو- مەخموور
هەردووكیان (پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق) لە یەك بەرەدا رووبەڕووی چەكدارانی داعش دەبنەوە، بەڵام ژیانی پێشمەرگە وەكو ژیانی سەربازانی سوپا پارێزراو نییە. هێزەكانی پێشمەرگە لە ماوەی سێ مانگدا سێ جار هێرشی كیمیاییان كراوەتە سەر بەبێ ئەوەی كەلوپەلی خۆپاراستنیان لەو چەكە بۆ دابین بكرێ، سوپای عێراق هەتا ئێستا یەك هێرشی لەوجۆرەی نەكراوەتە سەر، بەڵام هەموو سەربازەكانی ئەو سوپایە لە میحوەری مەخموور جلوبەرگی تایبەت بە خۆپاراستن لە بەرامبەر هێرشی كیمیاییان وەرگرتووە.
لە مانگی شوباتدا داعش 45 هاوەنی بارگاوی بە گازی كیمیایی خەردەلی لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە گرت، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە برینداربوون، بەڵام ئەو هێزەی دەمودەست كەلوپەلی بەرگری لەبەرامبەر چەكی كیمیایی بۆ هەموو سەربازەكانی وەرگرت، سەربازەكانی سوپای عێراق بوو لە میحوەری مەخموور كە ژمارەیان 14 هەزار سەربازە و هەمووشیان جلوبەرگ و دەمامكی دژە كیمیاییان وەرگرتووە.
بەشدار عەزیز، فەرماندەیەكی سوپای عێراق لە میحوەری مەخموور، بە (رووداو)ی گوت "هەركام لە سەربازەكان ئەم كەلوپەلەیان وەرگرتووە. دوای ئەوەی داعش بە چەكی كیمیایی هێرشی كردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لەم بەرەیە".
كەلوپەلی دژی مادەی ئەتۆمی، بایۆلۆژی و كیمیاییەكان (كە بە NBCناسراوە) لە قاتێكی داپۆشەری هەموو لەش، دەمامكێك، مەتارەیەكی ئاو، قامیشێكی تایبەت بۆ ئاوخوادنەوە بە دەمامكەوە، سپرای رەواندنەوەی تەم و فیلتەری زیادەی دەمامك و فریاگوزاریی سەرەتایی پێكهاتووە.
ئەم هێزەی سوپای عێراق لە مانگی رابردووەوە لە نیو كیلۆمەتری گوندی نەسر جێگیركراون كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشدایە. میحوەری گوێڕ-مەخموور یەكێك لە چالاكترین میحوەرەكانی جەنگی دژی داعشە و نزیكەی 60 كلیۆمەترێك لە هەولێر دوورە.
بە دووریی 35 كیلومەتر لە باكووری رۆژئاوای سەنگەرەكانی سوپای عێراق، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ سەنگەریان لێداوە، لەم میحوەرە پێشمەرگەكان هاوسەنگەرەكانی خۆیانیان بینیوە كە بوونەتە قوربانیی هێرشە كیمیاییەكانی داعش.
لە نێوان مانگی شوبات هەتا نیسانی ئەمساڵ داعش سێ هێرشی بە چەكی كیمیایی بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە كردووە كە بە هۆیەوە زیاتر لە 10 پێشمەرگە بریندار بوون، مانگی ئابی ساڵی پاریش داعش 45 هاوەنی بارگاوی بە گازی خەردەلی لە هەمان میحوەر گرتبوو. تەنانەت لەم مانگەشدا داعش دووبارە هێرشی كیمیایی كردووەتە سەر پێشمەرگە.
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ – مەخموور بە (رووداو)ی راگەیاند "هەفتەی رابردوو داعش لە گوندی ئەبو شیتە بە چەكی كیمیایی بۆردومانی پێشمەرگەی كرد، بەو هۆیەشەوە 14 پێشمەرگە بریندار بوون".
بە گوتەی پێشمەرگەكان ئەوانەی ئەم گازەیان بەردەكەوێت تووشی دڵ تێكەڵهاتن، رشانەوە و سووتانەوەی چاو دێن. ئەمانەش هەموویان نیشانەكانی بەكارهێنانی چەكی كیمیایین لەلایەن داعشەوە. بەڵام هەتا ئێستا هیچ پێشمەرگەیەك بەهۆی ئەم هێرشانەوە شەهید نەبووە.
پێشمەرگەكانی ئەو میحوەرە دەڵێن كە هەتا ئێستا تەنیا 75 ماسكی دژە كیمیاییان وەرگرتووە- بەڵام هیچ قات و كەلوپەلێكی دیكەیان بەدەست نەگەیشتووە.
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لەوبارەیەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "بۆ ئەو 100 هەزار پێشمەرگەیەی كە لە بەرەكانی جەنگی دژی داعشدان، هێزەكانی هاوپەیمانان كەمتر لە 5000 دەمامكیان پێداوین". ئەمەش واتە هەر 20 پێشمەرگە دەمامكێكی بەردەكەوێت.
دەمامكی دژی گازی كیمیایی چاو و سییەكان دەپارێزێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە گازی خەردەل دزە دەكاتە نێو جلی ئاسایی سەربازی و لەسەر پێست دەنیشێت، بە گوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگە ئەوەی ئەوان پێویستیانە ئەوەیە بۆ هەموو پێشمەرگەكان قاتی دژە كیمیایی كە هەموو لەشی پێشمەرگەكان داپۆشێت، دابین بكرێت.
بە گوتەی جەبار یاوەر، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای هەزاران دەمامكی دژە كیمیایی لە ئەمریكا و هاوپەیمانان كردووە، بەڵام گەشبینیش نین بۆیان دابین بكەن.
گوتەبێژەكەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە دەمامكە دژە كیمیاییەكانی سوپای عێراق گوتی "وابزانم حكومەتی عێراق بە بودجەی خۆی دەمامكی دژە گازی كیمیایی بۆ سەربازەكانی خۆی كڕیوە. بەڵام ئێمە لە كوردستان لە رەوشێكی وەها قورسی داراییداین، زەحمەتە بتوانین بیكڕین".
دەیان هەزار پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعشدا، دوای هەر هێرشێكی كیمیایی داعش، جگە لە فاس هیچیان پێ نییە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە لەشی خۆیان بكەن.
ئەمریكا و زۆربەی هاوپەیمانان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە تەنیا لە رێگەی حكومەتی ناوەندی لە بەغداوە هاوكاریی پێشكەش بە پێشمەرگە دەكەن، بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گازندەی ئەوە دەكەن كە كێشەكانیان لەگەڵ بەغدا و ئەو گەندەڵییە بەرفراوانەی حكومەتی ناوەندیی داگرتووە، وای كردووە پێداویستییە سەربازییەكانیان بەدەست نەگات.
بەڵام پێدەچێت چەندە پێشمەرگە سوورە لەسەر شكستپێهێنانی داعش، ئەمریكاش هێندە سوور بێت لەسەر ئەوەی هاوكارییەكان لە رێگەی بەغداوە بە پێشمەرگە بگەن.
هێزەكانی پێشمەرگە مەشقی تایبەت بە بەرنگاربوونەوەی هێرشە كیمیاییەكانیان پێكراوە، بەڵام رێبین رۆژبەیانی كە خۆیشی ئەم مەشقەی كردووە، گوتی "كاتێك كەرەستەی پێویستمان لەبەردەست نییە، زانیارییەكان بە تەنیا چیان پێدەكرێت؟"
ئالان دونكان، خۆبەخشێكی سكۆتلاندییە كە ماوەی ساڵێكە شان بە شانی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك لە نزیك موسڵ شەڕی داعش دەكات. ئالان توانیویەتی لە رێگەی كۆمەڵێك هاوكارییەوە پارەی كڕینی پێنج دەمامك پەیدا بكات و دوویانی بۆ هاوسەنگەرەكانی لە مەخموور ناردووە.
دۆنكان لەبارەی هێرشە كیمیاییەكان هۆشداری دا و گوتیشی "رۆژئاوا دەبێت هەموو كەلوپەلە پێویستەكانی كە بە سوپایەكی ستانداردی خۆی دەدات بە پێشمەرگەشی بدات." خۆبەخشە سكۆتلاندییەكە گوتیشی نرخی هەر دەمامكێك لە نێوان 80 بۆ 100 دۆلارە.
هێرشە كیمیاییەكانی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە كاتێكدایە كە هێزی پێشمەرگە، سوپای عێراق و هاوپەیمانان بە نیازن لە هێرشێكی هاوبەشدا شاری مووسڵ، دووەم گەورە شاری عێراق، لە ژێر كۆنتڕۆڵی داعش دەربكەن. بەڵام فەرماندەكانی پێشمەرگە دەڵێن ئەگەر بڕیار بێت پێشمەرگە و سەربازانی سوپای عێراق شان بە شانی یەكدی لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەشدار بن، ئەوە نابێت ژیانی سەربازی عێراقی لە ژیانی پێشمەرگە بەنرختر دابنرێ.
حاتەم عەلی كە فەرماندەیەكی پێشمەرگەیە لە میحوەری باشیك، دەڵێت "ئەمە دادپەروەرانە نییە پێشمەرگە گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە، لە كاتێكدا كەلوپەلی پێویستی بۆ دابین نەكراوە بۆ ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵ بەشدار بێت".