لە سلێمانی پیاوێک بە گولـلە کچ و زاوایەکی بریندار دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، پیاوێک تەقە لە کچ و زاواکەی دەکات و هەردووکیان بریندار دەکات. گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، کێشەکە کۆمەڵایەتییە و لە هەوڵدان ئەو کەسەی تەقەی کردووە دەستگیری بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-05-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی پیاوێک تەقەی لە کچ و زاواکەی کردووە و هەردووکیانی بریندارکردووە، "بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شارن، چارەسەریان بۆ کراوە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، ئەو پیاوەی کچ و زاواکەی بریندار کردووە تەمەنی 50 ساڵە، ئێستا تیمەکانیان لە شوێنی رووداوەکەن و لە هەوڵدان دەستگیری بکەن.
سەرکەوت ئەحمەد گوتیشی، ئەو دوو کەسەی بریندار کراون تەمەنیان لەنێوان 25 ساڵ بۆ 30 ساڵ دەبێت و بەپێی زانیارییەکان هۆکاری کێشەکە کۆمەڵایەتییە.