بنەماڵەی شیلان ئیسماعیل: لە زاخۆ دەستوەردان لە دۆسیەکەماندا دەکرێت و گوشارمان لێ دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

ساڵێک و 17 رۆژ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕ دەبێت کە بەسەر بنەماڵەی (شیلان ئیسماعیل)دا هات، بەڵام هێشتا دادگە بڕیاری کۆتایی نەداوە و خێزانەکەی دەڵێن: "دەستوەردان لە دۆسیەکەدا هەیە."
 
شیلان، کە دایکی 7 منداڵ بوو، بووە قوربانیی هەڵەیەکی پزیشکیی کوشندە؛ کاتێک لە کاتی نەشتەرگەریدا و لەبری خوێنی جۆری (B+)، بە هەڵە خوێنی جۆری (A+)ـی پێدرا. بەپێی گوتەی پارێزەر (بەرەڤان بەشیر و حەجی یاسین گۆڵی، برای هاوژینی شیلان)، هەموو بەڵگەکان حاشاهەڵنەگرن.
 
سێ لێژنەی پزیشکی لە (زاخۆ، دهۆک و هەولێر) و راپۆرتی دادپزیشکی، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هۆکاری سەرەکیی مردنەکە "پێدانی خوێنی هەڵە" بووە.
 
 دۆسیەیەکی 1300 لاپەڕەیی   
 
پارێزەر بەرەڤان بەشیر ئاماژە بەوە دەکات، سەرەتا دۆسیەکە لەسەر مادەی "دەستپاکی" بووە، بەڵام دواتر گۆڕدراوە بۆ مادەی 411 (کوشتنی بەهەڵە). تۆمەتبارەکان، کە سەرەتا 11 کەس بوون و ئێستا بۆ 9 کەس کەمکراونەتەوە، یەکتری تۆمەتبار دەکەن و حاشا لە تاوانەکە دەکەن. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن نەک تەنیا تیمی نەشتەرگەری، بەڵکو تیمی چارەسەرکاریش کەمتەرخەم بوون. دۆسیەکە ئێستا گەیشتووەتە 1300 لاپەڕە، بەڵام هێشتا لە  قۆناخـی لێکۆڵینەوەدایە و رەوانەی دادگە نەکراوە.
 
 گومانی دەستوەردان و گوشاری سیاسی 
 
حەجی یاسین گۆڵی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو  رایگەیاند: "ئیدارەی زاخۆ دەستوەردان لە دۆسیەکەماندا دەکات و داوایان لێکردین بەرامبەر بڕێک پارە دۆسیەکە دابخەین، بەڵام ئێمە رەتمان کردەوە."
 
ئەم خێزانە دەڵێن، چەندین جار داوای سازش (تەنازول)یان لێکراوە بۆ ئەوەی کەیسەکە بێدەنگ بکرێت، بەڵام ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی یاسا سەروەر بێت. 
"گومان دەکرێت بردنە پێشەوەی خەڵکی خۆبەخش و  دەرەوەی دۆسیەکە بۆ ناو دادگا، تەنیا بۆ کات کوشتن و ساردکردنەوەی دۆسیەکە بێت، لە کاتێکدا کامێرای چاودێریی نەخۆشخانە هەموو ساتەکان و شێوازی کەمتەرخەمییەکەی تۆمار کردووە." ژووری پزیشکانیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم رووداوە بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی  هاوئاهەنگی  بووە.
 
کارەساتێکی مرۆیی و بارێکی دارایی قورس 
 
رۆژی 1ی ئایاری 2025، شیلان بۆ هێنانە دنیای 7ـەمین منداڵی (بەیار) چووە نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی زاخۆ. بەیار چاوی بە دنیا هەڵهێنا، بەڵام هەرگیز گەرمی باوەشی دایکی نەبینی.
 
دوای 17 رۆژ جەنگان لە نێوان مردن و ژیاندا، شیلان گیانی لەدەست دا. "ئیسماعیل"ی کوڕی کە تەمەنی تەنیا 13 ساڵە، بەهۆی گریانی زۆر بۆ دایکی، بینایی چاوەکانی کەم بووەتەوە و ناچار بووە نەشتەرگەریی بکات. نێرگزی کچی شیلانیش (15 ساڵ) دەڵێت: "هەموو جیهانم پێ بدەن، جێگەی دایکم ناگرێتەوە، نامانەوێت مافی بفەوتێت."
 
حەجی یاسین ئاشکرای کرد، بۆ خەرجییەکانی چارەسەری، بڕی 90 ملیۆن دیناری قەرز کردووە و 87 ملیۆن دیناری لە دەرمان و تاقیگە خەرج کردووە. لە کاتێکدا ئیدارەی ناوچەکە بەڵێنی گەڕاندنەوەی ئەو پارانەیان پێدابوون، بەڵام تائێستا یەک دیناریان بۆ خەرج نەکراوەتەوە.
 
بنەماڵەی شیلان سوورن لەسەر ئەوەی تاوەکو دوا هەناسە بۆ مافی شیلان بجەنگن. ئەوان دەڵێن: "ئێمە خوێنی دایکمان بە پارە ناگۆڕینەوە؛ تەنیا داوای وەستانی دەستوەردانی کارگێڕی و سیاسی، سەروەریی یاسا و سزادانی کەمتەرخەمان دەکەین و  چیدیکە  بێدەنگ نابین."