سەرۆک بارزانی بۆ نامۆ فازڵ: جێگەی شانازی هەموو کورد و کوردستانی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە نامۆ فازڵ دەکات بۆ سەرکەوتنە گەورەکەی لە قارەمانێتیی MMA.
یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "پیرۆزبایی لە پاڵەوانی نێودەوڵەتی، گەنجی قارەمان و بەتوانای کورد (نامۆ فازڵ) دەکەم، بۆ ئەو سەرکەوتنە کەم وێنەیەی کە لە قارەمانەتیەکانی (MMA) لە ئەمەریکا بەدەستی هێنا. جێگای شانازی هەموو کورد و کوردستانە و دەستخۆشی لێدەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشەنگبوونی بۆ دەخوازم".
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە،17ـی ئایاری 2026، نامۆ فازڵ، لە یارییەکەی MMAدا لە شاری لۆسەنجلسی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، بە ئاڵای کوردستانەوە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
نامۆ لەنێو هۆڵی "ئینتویت دۆم" رووبەڕووی جەیک بابیانی رکابەرە ئەمریکییەکەی بووەوە. لە گەڕی یەکەمدا، بابیان زۆر هێرشبەرانە دەستی پێکرد و بە لێدانی بەهێز گوشاری بۆسەر نامۆ دروستکرد، بەڵام هاونیشتمانییەکە بە تەکتیک و خۆڕاگرییەکی زۆرەوە بەرگەی هێرشەکانی گرت.
وەرچەرخانە گەورەکە لە گەڕی دووەمدا روویدا. لە چرکەی 58ی ئەم گەڕەدا نامۆ فازل بە زیرەکییەکی زۆر جڵەوی یارییەکەی گرتە دەست و بە تەکنیکێکی سەخت کە بە "ئەناکۆندا چۆک" ناسراوە، ملی رکابەرە ئەمریکییەکەی گرت. بابیان بەرگەی ئەو گوشارە تووندەی نەگرت و پێش ئەوەی زیانی پێ بگات، بە دەست ئاماژەی دا و خۆی بەدەستەوە دا.
ئەم تەکنیکەی نامۆ بەکاریهێنا، ناوی لە ماری "ئەناکۆندا"وە هاتووە، چونکە بە هەمان شێوەی مارەکە گەمارۆی ملی رکابەرەکەی دەدات تاوەکو ناچاری دەکات خۆی بەدەستەوە بدات.
بەو سەرکەوتنە، ئێستا نامۆ فازڵ خاوەنی تۆمارێکی زۆر بەهێزە. ئەو هاونیشتمانییە 10 سەرکەوتنی هەیە و تەنیا 1 جار دۆڕاوە. ئەم دەستکەوتە گەورەیە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێتفلێکس بڵاوکرایەوە، رێگەی بۆ نامۆ خۆش کرد تاوەکو لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ریزی پێشەوەی جەنگاوەرە جیهانییەکانی UFCدا ببینرێت.
ئەم سەرکەوتنە مێژووییە لە نێو هاواری "کوردستان، کوردستان"ی بێژەر و ئامادەبوواندا تۆمار کرا. ئێستا نامۆ فازڵ وەک یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی یارییەکانی MMA لە ئەمریکا ناوی دەهێنرێ و توانیویەتی جارێکی دیکە ناوی کورد لە نێو ناوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەرز بکاتەوە.