ئەمەریکا، بەریتانیا و ئێران داوای یەکڕیزی لە هێزە کوردستانییەکان دەکەن

رووداو - سلێمانی

ئەمەریکا، بەریتانیا و ئێران داوا لە پارتی و یەکێتی و هێزە کوردستانییەکان دەکەن لە بەغدا یەکگرتووبن و هەموویان پێکەوە دەنگی بەهێزبن بۆ زامنکردنی ئەو مافانەی لە دەستووردا چەسپێنراون.

پارتی و یەکێتی کۆکن لەسەر ئەوەی پێکەوە هاوپەیمانی کوردستانیی پێکبێنن، داواش لە لایەنەکانی دیکە دەکەن لەگەڵیان بن، چوار حیزبەکە کە یەقینیان هەیە ئەنجامی هەڵبژاردن دەستکاری کراوە، ناچنە هیچ هاوپەیمانێتی و رێککەوتنێک تاوەکو ئەو دەنگانەیان بۆ هەژماردەکرێن کە دەڵێن دزراون.


ناوبەناو ھەواڵی نوێ لەنێو ماڵی ھێزە عێراقییەکان دەبیسترێت، ھەواڵ بۆ ھەوڵی پێکەوەیی ئەو جەمسەر و قەوارانەی تا دوێنێ ناکۆک و ئەمڕۆ بەدوای تەباییدا دەگەڕێن. بەڵام لە شەقامی سیاسیی کوردستاندا، قسەی نوێ لای زۆرینەیان ھێشتا ھەر دەنگوباسی ساختەکاری و شەڕی دەنگەکانە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتیش داواکاریی  بیانییەکان باسدەکات کە بەو حیزبەیان گوتووە.

لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " شاندەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئێران داوایان لێکردووین یەکڕیز بین، بەمە دەتوانین نەک ئێمە بچین بۆ بەغدا، بەڵکو ئەوان بێن بۆ لامان، بەڵام ئەگەر وانەکەین، ئەوکات بنەمای پێکھێنانی عێراق کە تەوافوقە، دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە".

لە قسەی یەکێتی و پارتیدا دیارە ئەو دوو لایەنە مەیلی ھاوپەیمانییان ھەبێت لە عێراق، لەدوای دوو کۆبوونەوەی بەغدا و ھەولێریش ھەر وایان دەگوت، لەملاشەوە، چوار پارتە ناڕازییەکە کۆبوونەوەی ناوبەناویان بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکی دیکەیە.

ھۆشیار عومەر، رێکخەری پەیوەندیییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە رووداوی راگەیاند: " ئێمە ھەر چوار لایەنەکە دوای ئەنجامی دەنگەکان، بەرەو ئەوە دەچین بە یەک فراکسیۆنی ھاوبەش بچینە بەغدا".

لە خولی یەکەم و دووەمی پەرلەمانی عێراق یەکێتی و پارتی پێکەوە بوون، بەڵام لە سێیەمدا جیابوونەوە، بەڵام لە زۆرینەی پرسە نیشتمانییەکاندا ئەو دووانە و ئەوانی دیکەش ھاودەنگ بوون.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: " دوای ئەنجامی دەنگەکانمان ئەوکات باسی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی دەکەین، ئەگەر بەدڵمان بوو، ئەوا  بۆ ھەموو دیالۆگ و دانیشتنێک ئامادەین".

ئەوەی حیزبە ناڕازییەکانی تووشی شۆک کردووە، جیاوازی زۆری نێوان قەرەباڵخی ئاھەنگەکانی بانگەشە و تەنک و تواڵی دەنگەکانی نێو سندووقەکانە.

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح