شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بۆ دەروێشەکانی ئێران: دەنگ بە رەئیسی بدەن
رووداو دیجیتاڵ
شێخ نەهرۆ محەممەد كەسنەزانی، رێبەری تەریقەتی قادریی كەسنەزانی لە جیهان داوا لە دەروێشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران دەنگ بە ئیبراهیم رەئیسی بدەن و دەڵێت: "رەئیسی لە ئالوبەیتی پێغەمبەرە."
لە ڤیدیۆیەکدا، رێبەری تەریقەتی قادریی کەسنەزانی بۆچوونی خۆی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەی سبەینێی ئێران دەردەبڕێت و دەڵێت: "هەموو دەروێشی ئێران پێویستە بەشداریی لە هەڵبژاردنەکەیان بکەن، چونکە ئەوە ئەرکێکی نیشتمانیانە، دەروێشی کوردستانی ئێران بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن ئەوە ئەرکی سەرشانیانە."
سەبارەت بە پشتیوانیکردنی بەربژێرەکانیش، ئیبراهیم رەئیسی، بەربژێری نەریتخواز بە "باشترین" و "گونجاو" دەزانێت و دەڵێت: "ئێمە ئاغای رەئیسی بە باش دەزانین، لەبەر ئەوەی لە ئالوبەیتی پێغەمبەرە و دەتوانێت خزمەتی گەل و نیشتمانی ئێران بکات بە هەموو رەنگەکانیانەوە."
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا شێخ نەهرۆ لە ناوەڕاستی کۆمەڵێک کەس دەردەکەوێت و قسەیان بۆ دەکات، رووداو بۆ راست و دروستیی ڤیدیۆکە پەیوەندیی بە محەممەد فاتیح لە میدیای تەریقەتی قادریی کەسنەزانیی کرد و گوتی: "بەڵێ ڤیدیۆکە تەواوە و ئەو قسانەشی دوێنێ شەو بۆ ژمارەیەک لە دەروێشان و موریدانی لە تەکیەی سەرەکی لە سلێمانی کردووە."
محەمەد فاتیح گوتی: "شەوی رابردوو کۆمەڵێک دەروێشی کورد و ئێرانی و عەرەب لە تەکیە پرسیاریان لە شێخ کردووە کە ئایا بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بدەن بە کێ؟ ئەویش پێیگوتن بەڵێ بەشداری بکەن و دەنگیش بە ئیبراهیم رەئیسی بدەن.
رۆژی 4ـی تەممووزی 2020، شێخ محەممەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا كۆچی دواییكرد، رۆژی هەینی 10ـی تەممووزی 2020 تەرمەکەی هێنرایەوە و لە سلێمانی بە خاك سپێردرا، هەمان رۆژ مورید و دەروێشانی تەکیە بەیعەتیان بە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی دا و بووە رێبەری نوێی تەریقەت.
شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت: "پیرۆزە و موبارەکە بەشدارییەکەیان، واجبێکی ئایینی و نیشتمانییە لەسەر شانی هەموو دەروێشێکی کەسنەزانی لە ئێران."
ژمارەیەک ماڵپەڕ و ئاژانسی هەواڵی ئێران لەوانەش ئاژانسی میهر کە سەر بە سوپای پاسدارانە، گرنگیان بەو لێدوانەی شێخ نەهرۆ کەسنەزانی داوە.
رۆژی هەینی 18-6-2020 سێزەدەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت، هەر یەک لە ئیبراهیم رەئیسی، موحسین رەزایی، عەبدولناسر هیممەتی و ئەمیر حوسێن قازی زادە هاشمی، کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن. بەگوێرەی راپرسییەکان رەئیسی چانسی دەرچوونی لە بەربژێرەکانی دیکە زیاترە.