ئەمڕۆ بە فەرمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جەژنی قوربان بوو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە چەند شارێک نەبێت، لەگەڵ هەموو ئێران رۆژی دووشەممە جەژنیان کرد.
بەشێکی هاونیشتمانیان لە شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نوێژی جەژنیان کرد. دواتر وەک نەریتێکی ساڵانە گەردن ئازایی لە یەکدی کرا و نانی جەژنیان خوارد.
هاونیشتمانیان لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پۆل پۆل سەردانی دراوسێ و خزم و کەسوکاریان کرد.
لە جەژندا براوەی یەکەم و دڵخۆشترینیان منداڵانن، کە لەلایەن گەورەکانەوە جەژنانەیان پێدەدرێت و جەژنەکەیان بۆ دەبێتە دوو جەژن.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵک دوای خواردنی نانی جەژن، بەرەو گۆڕستانەکان بەڕێدەکەون و نزا بۆ مردووانیان دەکەن، لەوێشەوە سەردانی نەخۆش و هەژاران دەستپێدەکات و لە هەموو ناوچەکە یەکدی بەسەر دەکەنەوە.
ئەمساڵ لە زۆربەی شارەکان، خەڵک بە هەرەوەزی و هاوبەش ئاژەڵیان کردە قوربانی، لە مەرگەوەڕی ورمێش، ئەو رێوڕەسمە لە کەشوهەوایێکی دڵڕفێنی ناوچەکە سازکرا.