هەوڵی ئەنجامدانی کودەتا نیگەرانی لە بازاڕەکانی تورکیا دروستکردووە

رووداو-هەولێر

بەهۆی هەوڵی کودەتاکەی سەر تورکیا ، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە درووستبووە و بەهای لیرەی تورکیش دابەزی، هاوکات ئەم رووداوە تەنیا کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە درووست نەکرد، بەڵکو چەندین گەشتی ئاسمانیش پوچەڵکرانەوە و زیانێکی دارایی زۆر بەر کۆمپانیاکان و فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە گەیشت.


دوای ئەوەی شەوی هەینی رابردوو هەوڵی کودەتا درا لە تورکیا، ئابووری ئەو وڵاتە بەگشتی و بازاڕی دارایی و کەرتی بازرگانی و گەشتیاری تورکیا بە تایبەتی رووبەڕووی مەترسی بوونەوە.

شکست پێهێنانی هەوڵی کودەتاکەش هیوای بۆ بازاڕەکان و وەبەرهێنەرەکان گەڕاندەوە، بەڵام نیگەرانییەکان کۆتاییان نەهاتووە. 

دوای هەوڵی گرووپێکی نێو سوپا بۆ کودەتا و کۆنتڕۆڵکردنی بەشێک لە دەزگا حکومییەکان،نرخی لیرەی تورکی بەراورد بە 8 ساڵی رابردوو بۆ نزمترین ئاست دابەزی و 6% بەهاکەی لەدەستدا، لیرەی تورکی لە ئاستی 4.6 لەسەدا مایەوە و گەیشتە 3.0157 لیرەی تورکی .

لە چارەگی یەکەمی ئەمساڵ ئابووری تورکیا بە بڕی 4.8 لەسەدا گەشەکردنی بوخۆوەبینیبوو، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی سیاسی و ناجێگری ئاسایش، بەهای پشکەکان لە بازاڕە دارییەکانی تورکیا بە رێژەی 20% پاشەکشەیانکرد.

سەرەڕای ئەوەش چەندین گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ هەڵوەشانەوە بەهۆی رووداوەکەی شەوی هەینی لەو وڵاتە، بەڵام بەگووتەی ئیلکەر عیسا، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرانی هێڵی ئاسمانی تورکیا، سەرەڕای وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان لەو وڵاتە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم گەشتەکان ئاسایی بوونەتەوە.

هاوکات بەپێی داتاکان، ژمارەی گەشتیارانی بیانی کە روویان لە تورکیا دەکر بە رێژەی 28 لەسەدا پاشەکشەی کردووە لە مانگی 4ی رابردوو،ئەمەش بە گەورەترین پاشەکشە دادەنرێت لە ماوەی 17 ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا.

بۆرسەی تورکیا دووەم گەورەترین بازاڕی دارایی ئەوروپای رۆژهەڵاتە و نۆیەمین چالاکترین بۆرسەیە لەسەر ئاستی جیهان.