شاخەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەچنە تاجیکستان

رووداو  -هەولێر

دوایین دیداری کەسوکار و وەرزشوانان لەگەڵ سێ شاخەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بڕیارە بە زوویی بەسەر دوو کێوی بڵیندی جیهاندا سەرکەون. سێ شاخەوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن بە نوێنەرایەتی شاخەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڕیارە بەسەر لوتکەی چیاکانی کۆمۆنیزم و کۆرژین وێسکایا لە تاجیکستان سەرکەون.

ئەو شاخەوانانە دەڵێن، لە چیاکانی کوردستانەوە بەشێوەیەک پەروەردەکراون کە لە خۆیان راببینن بەسەر بڵیندترین چیاکانی جیهاندا سەرکەون.

بڕیارە شاخەوانانی چەند وڵاتی جیهان رۆژی سێشەممە بۆ سەرکەوتن بەسەر چیای کۆمۆنیزم لە تاجیکستان ئامادە بن.

جگە لەو سێ شاخەوانە، شاخەوانی ژن هێرۆ ئەرجومەندیش بڕیارە لە سەرکەوتن بەسەر ئەو چیایەدا بەشدار بێ. ئەرجومەند بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک دەڵێت، هیچ لایەنێک هاوکاری ناکات و بەرپرسان تەنیا لەکاتی سەرکەوتنەکانیدا، وێنەی لەگەڵ دەکێشن. ئەو شاخەوانە دەشڵێت، بۆ کارە وەرزشییەکانی پشت بە هاوکاری خەڵک دەبەستێت. ئەوەش چیرۆکی ژیانی زۆریەک لە وەرزشوانانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەڵێن، بە کەمترین ئیمکانات و بێ هاوکاری، سەرکەوتنەکان تۆمار دەکەن.