پۆلیسی راپەڕین: تەقە لە ماڵی کەسوکاری سلێمان هەڵشۆیی کرا

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، لە قەڵادزێ بە کڵاشینکۆڤ تەقە لە ماڵێک کرا کە خێزان و خانەوادەی سلێمان هەڵشۆیی تێدایە.
 
رووداوەکە ئەمشەو شەممە 17-07-2021 روویداوە، شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کەسێک پاش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لە ماڵێک کرد کە ئەو خانووە خێزان و خانەوەدەی سلێمان هەڵشۆیی تێدایە و دوایی رووداوەکەش دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست."
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت شوێنەواری 16 گوللـە بە خانووەکە هەیە و هیچ زیانێکی گیانیشی لێ نەکەوتووەتەوە.
 
لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکە بەردەوامە، شۆڕش ئیسماعیل دەشڵێت "پۆلیس دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئاشکراکردنی ناسنامەی تەقەکەرەکە." 
 
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020  مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە. 
 
رۆژی 28-06-2021 گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند بوو، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 50 کەس سکاڵایان لە دژی سلێمان هەڵشۆیی تۆمارکردووە.
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، سلێمان هەڵشۆیی و 7 کەسی دیکە لە زیندانن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دەشڵێت "تەندروستیی سلێمان هەڵشۆیی زۆر باشە و ئەوانەیشی لەگەڵیدان تەندروستییان جێگیرە."
 
سلێمان ئیسماعیل سلێمان ناسراو بە "سلێمان هەڵشۆیی"، بەشێوازی قیست ئۆتۆمبێل، دەمانچە، ئاژەڵ و کەلوپەلی دیکەی وەرگرتووە و پێی گوتوون، دوای چەند مانگێک پارەیەکی زیاتریان دەداتێ.
 
کاتێک بەهای ئۆتۆمبێلی کەسێک 10 هەزار دۆلار بووە، سلێمان بە 15 هەزار دۆلار وەری گرتووە، بەڵام بەو مەرجەی لە ماوەیەکی دیاریکراودا بۆ نموونە؛ چوار مانگ پارەکەیان پێبدات. دوای ئەو مامەڵانە سلێمان هەڵۆشیی بە گوتەی خۆی زیانێکی زۆری کردووە و بۆیە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵی کردبوو گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.