پلەی شارەوانیی کفری بەرزکرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی شارەوانیی قەزای کفری لە پلە دووەوە بۆ پلە یەک، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی گەرمیان دەڵێت: "ئەگەر بودجە هەبێت و پڕۆژە هەبێت کاریگەریی لەسەر قەزاکە دەبێت، ئەگەر نا ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە."
رۆژی دووشەممە، 17-7-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەت بۆ داواکارییەکانی مانگرتووانی کفری، رایگەیاند: "یەکەم داواکاریی خەڵکی کفری جێبەجێ کرا و لە ماوەیەکی کەم زۆربەی داواکارییەکانی دیکەشیان جێبەجێ دەکرێن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ کێشەکانی شاری کفری، داوای چارەسەر و بەدواداچوونی خێرای کرد و بەڕێزیان مەبەستیەتی بە کەمترین کات ئەوەی لە توانای حکومەت بێت، کێشەکان چارەسەر بکرێن."
پێشەوا هەورامانی راشیگەیاند: "یەکێک لە داواکارییەکانی خەڵکی کفری، بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکوەزیران دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندییان نیشان دا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دووەوە بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە."
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی گەرمیان لەبارەی بڕیارەکەوە گوتی: "ئێستا کە یاسای بودجە نییە و پڕۆژەکان وەکو پێویست نین، ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر خزمەتگوزارییەکانی قەزای کفری و داواکاریی مانگرتووان نابێت، بەڵام ئەگەر بودجە هەبێت، ئەوا بودجەی دیاریکراو بۆ شارەوانی پلە یەک زیاتر دەبێت لە بودجەی شارەوانی پلە دوو و ئەو کات کاریگەریی دەبێت."
بەشێک لە دانیشتووانی کفری ماوەی هەشت رۆژە بۆ کۆمەڵێک داواکاری مانیان گرتووە، لەوانە رەخساندانی هەلی کار بۆ دانیشتووانی قەزاکە، پڕۆژەی خزمەتگوزاری، دامەزراندنی گەنجان، وەبەرهێنان لە قەزاکە و تەواوکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان و سوودمەندبوونی شارەکە لە سامانە سرووشتییەکان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە بڕیاری ناردنی لیژنەیەکی بۆ کفری بۆ وەرگرتنی داواکاریی مانگرتووان بۆ جێبەجێکردنیان دا.
کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە نوێنەری گەرمیانیشە، گوتی: "ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی لە 9 ئەندامەوە بۆ 11 ئەندام زیاد دەکات، جگە لەوە سنووری موحەڕەماتی شارەوانی، لە 3 کیلۆمەترەوە بۆ 7 کیلۆمەتر زیاد دەکات، واتە تاوەکو ئەو سنوورە پێویستی بە رەزامەندی شارەوانییە بۆ ئەوەی پڕۆژە بکرێت و ئەوە کاریگەریی لەسەر ئاوەدانی شارەکە دەبێت."
دەشڵێت"ئێستا شارەوانییەکان تەنیا رێژەی 15٪ـی داهاتەکانیان بۆ خۆیانە، بۆیە کاریگەریی ئەوتۆی نییە."
بەپێی نووسراوێک کە ئەمرۆ دووشەممە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە: "بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت رەزامەندن بە بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە شارەوانی پلە دوو بۆ شارەوانی پلە یەک بەپێی مادەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6ـی ساڵی 1993ـی هەموارکراو."
بەپێی یاسای ژمارە 6ـی بەڕێوەبردنی شارەوانییەکانی ساڵی 1993، لە هەرێمی کوردستاندا شەش جۆر شارەوانی هەن کە"تایبەت، نایاب، پلە یەک، پلە دوو، پلە سێ، پلە چوار."
کفری یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی گەرمیان و کوردستان، خاوەنی مێژوویەکی دێرین و سامان و سەرچاوەیەکی گەورەی سرووشتی و کەلەپوورییە، لەو قەزایە کە لەساڵی 1921ەوە کراوە بە قەزا نزیکەی 70 هەزار کەس دەژین، کە پێکدێن لە کورد و تورکمان و عەرەب.