گردبوونەوەكەی كۆمەڵ و یەكگرتوو لە هەولێر

رووداو- هەولێر

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 17-8-2013، لە پاركی شانەدەری شاری‌ هەولێر لەلایەن یەكگرتوی‌ ئیسلامی كوردستان‌ و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان دژی هێرشكردنە سەر لایەنگرانی ئیخوان موسلمینی‌ میسر لە لایەن سوپای سیسییەوە گردبونەوەیەك ئەنجامدرا.

 گردبوونەوەكە بە بەشداری هەریەكە لە د.عەلی‌ قەرەداغی‌، ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهان ، مەحەمەد فەرەج، ئەمینداری گشتی‌  یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان و  عەلی‌ باپیر،  ئەمیری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بەرێوەچوو.

لەگردبوونەوەكەدا سەركردایەتی هەردوو پارتە ئیسلامییەكە داوایان لە سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان كرد كە بەشێوەیەكی فەرمی هەڵوێستیان هەبێت  لەبەرامبەر ئەو پەلاماردانەی سوپای سیسی ئەنجامیدا لە هەفتەی رابردوو دژ بە  لایەنگرانی ئیخوان موسلمین،جگە لەوەش بە توندی و بە دروشمی تەكبیرو بڕوخێ سوپاكەی سیسی ئیدانەی ئەو پەلاماردانەیان كرد .

عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتی یەكێتی زانایانی ئیسلامی جیهان وەكو بەشداربوویەك لەو گردبوونەوە نارەزایەتیەدا، بە تووندی بەناوی یەكێتییەكەیەوە ئیدانەی پەلاماردانەكەی سوپای سیسی كرد بۆ سەر ئیخوانەكان، داواشی لە هێزو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان كرد هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا رۆڵیان لەو كەیسەدا هەبێت .

هەرچەندە بڕیاربوو هەموو لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان بەشداربن لەم گردبوونەوەیەدا، بەڵام بزووتنەوەی ئیسلامی بایكۆتی گردبوونەوەكەی كرد بەوەی كە گردبونەوەكە لە بەرژەوەندی حیزبیە بۆ یەكگرتوو كۆمەڵ، نەوەكو بۆ بەرژەوەندی رەوتی ئیسلامی و موسڵمانێتی،بەڵام بەرپرسانی یەكگرتوو و كۆمەڵ بە رووداویان گوت" داوامان لە بزووتنەوەی ئیسلامی كردوە بێن بەشداری بكەن و گوتاریشیان هەبێت، بەڵام ئەوان لەسەر بایكۆتكردنەكە سوور بوون".

لە گردبوونەوەكەدا راگەیەنرا كە لە خاڵە سنووریەكانی دەروازەی شاری هەولێر هێزە ئەمنیەكان رێگریان لە لایەنگرانی كۆمەڵ و یەكگرتوو كردووە كە بێنە نێو شاری هەولێر و بەشداری گردبوونەوەكە بكەن.

لەبەرامبەریشدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند:" رێگرتنەكە بۆ ئەوە بووە كە پێشتر مەڵبەندەكانی كۆمەڵ و یەكگرتوو  بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی گردبوونەوەكە داوایانكردبوو كە تەنها بەشداربووانی گردبوونەوەكە لەسنووری پارێزگای هەولێر دەبن و هاوكات لە شارەكانی دیكەش گردبوونەوە ئەنجامدەدرێت، بۆیە نەیانهێشتووە خەڵكی دەرەوەی شارەكان بێتە ناو هەولێرەوە".