پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکانی کوردستان گواسترانەوە سەر زانکۆکان
رووداو - هەولێر
پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان بە بڕیارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گواسترانەوە سەر زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە 16-8-2016 بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوەکراوە کە " بەفەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ سکرتارییەتی ئەنجوومەن بە ژمارە 2636 لە 5-4-2015 بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی لە هەرێمی کوردستان بەشێوازێکی لێهاتووی و پیشەیی رەخساندنی دەرفەتی خوێندن لە پەیمانگەوە بۆ کۆلێژ و لەدوو ساڵەوە بۆ چوار ساڵ کە پێشتر راسپاردەی بۆ کرابوو بڕیاری لێوەدرا".
بڕیارەکان ئەمانەن:
یەکەم: دامەزراندنی بەشی پێشنوێژ و وتاری ئاینی لە زانکۆی سەڵاحەدیین / کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان وە زانکۆی سلێمانی / سکوڵی زانستە ئیسلامییەکان وە زانکۆی دهۆک / کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە ساڵی 2016-2017 بە شێوازی خوێندنی راستەوخۆی زانکۆ کە خوێندنی تێدا چوار ساڵ دەبێت و پرۆگرامەکانی خوێندن بە شێوازی زانستیانە لە لایەن لێژنەی شارەزا و پسپۆڕ لە هەرسێ زانکۆدا زیاد دەکرێت.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە هەولێر وە ناوەندی زانستە ئیسلامییەکان لە هەولێر و گواستنەوەی پێکهاتەکان بۆ سەر زانکۆی سەڵاحەدین / کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان.
سێیەم: هەڵواشاندنەوەی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە سلێمانی وە گواستنەوەی پێکهاتەکانی ئەو پەیمانگایە و پێکهاتەکانی بەشی ناوەندی ئێواران، بۆئەوەی ببێتە بەبەشی پێش نوێژی گوتاری ئاینی بۆ سەر زانکۆی سلێمانی سکوڵی زانستە ئیسلامییەکان.
چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە دهۆک وە گواستنەوەی پێکهاتەکانی لەو پەیمانگایە بۆ پێکهاتەی بەشی ناوەندنی ئێواران لە دهۆک، بۆئەوەی ببێتە بەبەشی پێش نوێژی گوتاری ئاینی بۆ سەر زانکۆی دهۆک/ کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان.
پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە ئاکرێ وە گواستنەوەی پێکهاتەکانی لەو پەیمانگایە بۆ پێکهاتەی بەشی ناوەندنی ئێواران لە ئاکرێ بۆئەوەی ببێتە بەبەشی ناوەندی ئێواران لە ئاکرێ.
شەشەم: کۆلێژی سکوڵە پەیوەندیدارەکان بە سەرپەرشتی تەواوکردنی قۆناخی دووەمی ئەو پەیمانگایە دەکەن لە هەردوو بەشی پێش نوێژ و گوتارخوێنی و پەروەردەی ئیسلامی. بۆ ساڵی خوێندنی 2016 - 2017.
حەوتەم: سەبارەت بە نازناوی زانستی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا ستافی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکان بەپیی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەبێت.
هەشتەم: سەبارەت بە ستافی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەو پەیمانگەیانە بە رەچاوکردنی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
نۆیەم: دەرفەتی زیاتر لە بەشەکانی کۆلێژ و سکوڵی زانستە ئیسلامییەکان بڕەخسێندرێت بۆ دەرچوانی ئامادەیی خوێندنی ئیسلامی ئاینی.
دەیەم: پێکهاتەکانی بەشەکانی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکانی ناوەندی ئێواران لە کەرکووک دەدرێتە بەشی پێشنوێژ و گوتاری ئاینی لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین.
یازدەیەم: پێکهاتەکانی بەشەکانی پەیمانگەی زانستە ئیسلامییەکانی ناوەندی ئێوارانی/ هەڵەبجە/ راپەڕین/ کەلار دەدرێتە بەشی پێشوێژ و گوتارخوێنی ئاینی لە سکوڵی زانستە ئیسلامییەکانی سلێمانی.