وەزارەتی نەوتی عێراق: بەمنزیکانە دەست بە لێدانی بیرێکی نەوت لە چوارگۆشەی کفری دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە لێدانی بیرێکی نەوت لە سنووری قەزای کفری دەکەن. بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان دەڵێت، "بیرەکە لەچوارچێوەی چوارگۆشەی قەزای کفری دەبێت". بەرپرسانی خۆجێیی ئیدارەی گەرمیانیش باس لەوە دەکەن کە ئاگاداری بابەتەکە نین.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17-8-2023، باسم محەممەد، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنانی نەوت و گاز رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار بۆ زیادکردنی یەدەگی نەوتی و گاز دەکات و ئێستا ژمارەیەک پلان و رووپێوی و لێدانی بیری دەستپێکردووە. گوتیشی، "لە چەندین ناوچە و پارێزگای عێراق دەستکراوە بە لێدانی ژمارەیەک بیر".
 
قسەکانی ئەو بەرپرسە عێراقییە لە سەردانێکیدا بۆ کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان هات و گفتوگۆ لەبارەی پلانی رووپێویی کۆمپانیاکە کرا.
 
رووداو پەیوەندی بە ژمارەیەک لە بەرپرسانی قەزای کفری و ئیدارەی گەرمیانەوە کرد، بەڵام بێئاگایی خۆیان لە لێدانی ئەو بیرە نەوتییە لە سنووری قەزای کفری نیشاندا. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو بیرەی بڕیارە لێ بدرێت دەکەوێتە نێوان قەزای کفری و قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەلاحەدین.
 
یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو بیرە نەوتییەی عێراق نیازی لێدانی هەیە، شوێنەکەی لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا نییە.
 
کەریم عەلی، سەرۆکی لێژنەی سامانە سرووشتییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری بابەتی لێدانی بیر لە سنووری قەزای کفری نین. نە ئێمە و نە لیژنەکەمان شتی وامان نەبیستووە. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش ئەگەر زانیارییان لابێت بە ئێمەی نادەن".
 
قەزای کفری یەکێکە لە قەزاکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، دانیشتووانی قەزای کفری 53 هەزار کەس دەبێت.
 
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەدا ئوسامە رەئووف حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکان رایگەیاند، هەردوو تیمی دوو و هەشتی کۆمپانیاکە دەستیان بە پرۆسەکانی رووپێوی لە نەفتخانە لە پارێزگای دیالە کردووە بۆ کۆمپانیای نەوتی نێوەڕاست و کۆمپانیای جیوجیدی چینی کە لەچوارچێوەی گەڕی پێنجەم گرێبەستەکەی بۆدەرچووە.