قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 8000 پارچەزەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا ئامادەکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 
ئامادەکردن: رۆشنا شێرزاد

 

قایمقامی قەزای سۆران دەڵێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی گیراونەتەبەر و لیستی ناوەکان ئامادەن. کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لیژنەی باڵا دەکرێ و بڕیاری کۆتایی لەسەر دابەشکردنی زەوی دەدرێ، ئەگەر بزانن هیچ کێشەیەک لەسەر شوێنی پارچە زەوییەکان نییە. 

ئەمڕۆ 17ی ئابی 2025، رەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای سۆران بە رووداوی گوت: "8 هەزار پارچە زەوی بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا دیاری کراون. ئەم ساڵ بەشێکیان دابەش دەکرێن". 
 
قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی زەوی یان پێویستیان بە زەوییە زیاتر لە 12 هەزار کەسە، بەڵام بەهۆی کەمیی شوێنەوە ئەم ساڵ 8000 پارچە زەوی ئامادە دەکرێن و دابەش دەکرێن. 
 
رەجەب زوبێر ئەوەشی خستەڕوو کە کێشەی کەمیی شوێن لە سۆران هەیە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتە جوگرافییەکەی کە بەشێکی زۆری شاخاوییە، هەربۆیە ئەم ساڵ 70٪ یان 80٪ی فەرمانبەران زەوییان بەردەکەوێ و سوودمەند دەبن. 
 
قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتیشی: "دوای دابەشکردنی پارچە زەوییەکان، پلانمان هەیە بەزووترین کات خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکەین". 
 
رەجەب زوبێر باسی لەوە کرد کە دابەشکردنی ئەو زەوییانە بڕیار و "هاوکارییەکی باشە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی ساڵانێکی زۆرە خزمەتیان هەیە و پێویستییان پێیانە. هیوادارین بتوانین لە داهاتوودا پرۆژەی زیاتر بخەینە واری جێبەجێکردنەوە.'' 
 
رۆژی 29ـی شوباتی 2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گەڕی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەستپێدەکات و زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن. 
 
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستی پێکرد و تێیدا نزیکەی 10 هەزار کەس سوودمەند بوون.