دراما دۆبلاژکراوەکان کاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر تاکی کورد

ماوەی چەند ساڵێکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناو میدیاکانی هەرێمی کوردستان درامای دۆبڵاژکراوی بیانی بڵاودەکرێتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەودرمایانە کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکدانی شیرازەی خێزانەکان و خۆکوشتنی منداڵان دروستکردووە.

تەنها لەماوەی یەک مانگی ئەمساڵ، بەهۆی لاساییکردنەوەی دیمەنی دراما دۆبڵاژکراوەکان، دوو منداڵ خۆیان خنکاندووە.

 لە هەرێمی کوردستان هیچ پێوەرێک نییە بۆ هەڵبژاردنی درامابیانییەکان و کاتێکی دیاری کراویش نییە بۆ بڵاوکردنەوەیان. مامۆستایەکی زانکۆش وەزارەتی رۆشنبیری بەکەمتەرخەم دەزانێت لەئاست بڵاوکردنەوەی ئەو درامایانەی، کە لەگەڵ کلتووری کوردی ناگونجێن.

خۆکوژی بووەتە دیاردەیەک لەهەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ئامارەفەرمیەکان، تەنها ماوەی ٧ مانگی ئەمسال 132 پیاو و ئافرەت بەهۆکاری جۆراوجۆر کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.