ئۆجەلان لەبارەی کۆچی گەنجان: لەبری ئەورووپا، ئیمرالی هەڵدەبژێرم
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوایین دیداریدا لەگەڵ شاندی ئیمرالی، بانگەوازی لەو گەنجانە کردووە کۆچیان بۆ ئەورووپا کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا، ئەگەر دەرفەت هەبێت. ئۆجەلان گوتوویەتی: "لەبری ئەورووپا، ئیمرالی هەڵدەبژێرم".
شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە 28ـی ئابدا لە گرتووخانەی ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیدارێکیان کرد.
بە گوێرەی میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە دیدارە سێ کاژێرییەکەدا ژمارەیەک بابەتی سەرەکی تاوتوێ کراون و ئۆجەلان لەبارەی ئەو گەنجانە قسەی کردووە کە کۆچ بۆ ئەورووپا دەکەن.
ئۆجەلان گوتوویەتی، پێویستە گەنجان ژیانی خۆیان لە وڵاتی خۆیاندا دابمەزرێنن و لە خاکەکەیان دوورنەکەونەوە.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رەخنەی لەوە گرتووە خەڵکی رووها، ئاگری و پارێزگاکانی دیکە نایانەوێ لە ناوچەکانی خۆیاندا بمێننەوە و گوتوویەتی، ئەم دۆخە لە سیاسەتێکی بەئەنقەستی دوورخستنەوە سەرچاوە دەگرێ.
ئۆجەلان رایگەیاندووە، پێویستە بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکرێ بۆچی خەڵک وڵاتەکەیان جێدەهێڵن و هۆکارەکانی ئەم دوورکەوتنەوەیە چین.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتوویەتی: "لەبری ئەورووپا، من ئێرە، واتە ئیمرالی، هەڵدەبژێرم. زۆر بە راشکاوی دەڵێم، پێویستە قەرزی خاک و کولتووری خۆیان بدەنەوە. من هانیان دەدەم بۆ ئەمە. لەم پرۆسەیەدا، یەکێک لە ئامانجەکانی من ئەوەیە کە گەڕانەوەیەکی شایستە لە تاراوگەوە بۆ وڵات مسۆگەر بکەم".
ئۆجەلان هەروەها باسی لەوە کردووە، پێویستە ئەو کوردانەی لە ئەورووپان، کولتوور، زمان و کۆمەڵگەی خۆیان بونیادبنێن.