چارەنووسی 20 گەنجی کورد لە لوبنان ئاشکرا دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 20 گەنجی کورد لەو وڵاتە گیراون و لە رۆژانی داهاتوودا دەگەڕێندرێنەوە.
ئەو گەنجانە خەڵکی هەولێر و سلێمانین. بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا چووبوونە لوبنان. باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان، کەسوکارەکانیان دڵنیا دەکاتەوە هەموویان سەلامەتن و لە رۆژانی داهاتوودا رێکارەکانی ناردنەوەیان تەواو دەکەن.
بەگوێرەی باڵیۆزخانەکە، پێنج رۆژی دیکە گەنجەکان دەگوازرێنەوە ئاسایش و لەوێ دەمێننەوە، تاوەکو رێکارەکانی گەڕانەوەیان تەواو دەکەن کە رەنگە 10-15 رۆژێکی پێبچێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو قاچاخچییەی دەیویست ئەو گەنجانە بباتە دەرەوەی لوبنان، خەڵکی بەغدایە و دەستگیرکراوە. یەکێک لە گەنجەکان لەکاتی دەستگیرکردنی دا، قاچێکی شکاوە، بەڵام تەندروستیی هەموویان باشە و سەلامەتن.
یەکێک لە گەنجەکان خێزانەکەی لەگەڵ دایە و 70 هەزار دۆلاریان بە قاچاخچی داوە.