رووداوێکی هاتوچۆ دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢ منداڵ

سەرلە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 7:30 لەسەر رێگای دەربەندیخان وارماوا ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان لەژێر کۆنترۆلی شۆفێرەکە دەردەچێت و دەکەوێتە دۆڵێک بە قوڵایی ١٥ مەتر لە نزیک گوندی بیرکە و لە ئەنجام دا 2 منداڵ کە یەکێکیان تەمەنی 5 ساڵانە گیانیان لەدەست دەدەن و دووی دیکەش بریندار دەبن .

نەقیبی هاتوچۆ رێژەن بورهان ئەحمەد ، بەریوەبەری هاتوچۆی قەزای دەربەندی خان هەواڵەکەی بۆ رووداو پشت راست کردەوە و گوتی " بە هۆی نەبەستنی قایشی سەلامەتی ، لە کاتی رووداوەکە ، دوو منداڵەکە لە جامی ئۆتۆمبێلەکەوە دەکەونە خوارەوە و دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانیان و دوو منداڵەکەی دیکە کە قایشی سەلامەتیان بەستبوو ، قایشەکە ببوە هۆکارێک بۆ سەلامەتیان ".

ناوبراو لەو بارەوە گوتی " لە چەند رۆژی رابردوو بە هۆی رێوشوێنی توندەوە کە پۆلیسی هاتوچۆ گرتبویە بەر خۆشبەختانە هیچ رووداوێکی هاتوچۆ رووی نەداوە و ئەوە یەکەم رووداوە لەو جۆرە لەم چەند رۆژەی جەژندا ".