حەشدی شەعبی چووە نێو شنگال
رووداو - شنگال
حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بەبێ شەڕ چوونە نێو شنگال و هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە.
پەیامنێری رووداو لە شنگال رایگەیاند، ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی
500 تا 600 چەکدار دەبێت، هێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوەندیشیان لەگەڵە، بەڵام ئەوان نەهاتوونەتە نێو شنگال و لە دەوروبەری ماونەتەوە.
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزێکی دیکەی حەشدی شەعبی بەرەو رەبیعە و عەوێنە بەڕێکەوتووە و دەیانەوێت سنووری نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵ بکەن.
دوای چەندین رۆژ هەڕەشە، هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16-10-2017 لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە سەر کەرکووک و خورماتوو و داقووق، بەشێک لە هێزەکانی سەر بە یەکێتیش بەبێ شەڕ پاشەکشەیان کرد و رێگایان بۆ کردنەوە، ئەمە رێگەخۆشکەر بوو بۆئەوەی تاوەکو ئێوارە هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک تاوەکو گوڵاڵە زۆربەی ئەو ناوچە کوردستانییانە کۆنترۆڵ بکەن کە هێزەکانی یەکێتی تێیدا باڵادەست بوون.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح