لە شنگال پێشمەرگە ئێزدییەکان و گرووپێکی حەشدی شەعبی رێککەوتن

رووداو - هەولێر 

فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاراستنی قەزای شنگال و ناوچەکە لە ئەستۆی پێشمەرگە ئێزدییەکانە کە ژمارەیان هەشت هەزار پێشمەرگەی ئێزدییە و فەرماندەیی شنگال پێکدەهێنن.

ئەمڕۆ (سێشممە 17-10-2017) حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بەبێ شەڕ چوونە نێو شنگال و هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە، فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلەش رایدەگەیێنێت "لە شنگال پێشمەرگە ئێزدییەکان و گرووپێکی حەشدی شەعبی رێککەوتن".

لە راگەیێندراوەکەی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلە  هاتووە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە 17-10-2017) پێشمەرگە ئێزدییەکان و گرووپێکی ئێزدی ناو حەشدی شەعبی، لەناو خۆیاندا رێککەوتوون کە شەڕ روونەدات و خوێن نەڕژێت و ئێزدییەکانی ناو حەشدی شەعبی چوونەتە ناو شاری شنگال".

دوای چەندین رۆژ هەڕەشە، هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16-10-2017 لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە سەر کەرکووک و خورماتوو و داقووق و چەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵکرد. هەروەها رۆژی سێشەممە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان چووە نێو قەزای شنگال و هێزەکانی پێشمەرگە کشانەوە.