قوباد تاڵەبانی: سووتاندنی ئاڵای کوردستان هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزییەکانمان

 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەکان لە پایتەختی فیدراڵیی عێراق".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی، جێگای قبووڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق".
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکات و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانیان دەكەن "لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستوور و سیمای فرەجۆریی عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا . ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەباییە".