حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی غەززە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە دەکات کە بەهۆیەوە لانیکەم 500 کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسی دیکەش بریندارن.
شەوی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکەی غەززە گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشی ئەمڕۆی سەر نەخۆشخانەی [ئەهلی عەرەبی] مەعمەدانی لە غەززە، ئیدانە دەکات کە بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس بونەتە قوربانی و قوربانیەکانیش زۆربەیان ژن و منداڵن."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دووپاتیدەکەینەوە جەنگ و هێرشی سەربازی چارەسەر نییە بۆ کێشەکان و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکانییان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی خەلکی سڤیل و بێ تاوان لە مەترسییەکان."
ئێوارەی سێشەممە، 17-10-2023، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل نەخۆشخانەی ئەهلی عەرەبی ( مەعمەدانی) لە ناوەندی غەززە بۆردوومانکردووە. گوتیشی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانیی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 500 کەس.
تەندروستی غەززە ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی کوژراون، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو و بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چووبوونە حەوشەی نەخۆشخانەکە و لەوێ دەمانەوە.
رۆژی شەممە 7-10-2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتریش ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. 4461 کەس لە هەردوولا کوژراون و نزیکەی 18 هەزار کەسی دیکە برینداربوون.