ئەردۆغان داوا دەکات ناردنی سەرباز بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا یاداشتی درێژکردنەوەی ماوەی ناردنی سەرباز بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان (عێراق و سووریا) بۆ سێ ساڵی دیکە، پێشکێشی پەرلەمان کرد.
 
یاداشتەکە رۆژی پێنجشەممە، 16ی تشرینی یەکەمی 2025 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەوانەی پەرلەمان کرا و تێیدا داوا کراوە ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان و عێراق و سووریا بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستیپێکردووە.
 
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ناوچەکانی دراوسێی سنوورە وشکانییەکانی باشووری تورکیا "هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە" و "هێشتا سەقامگیریی هەمیشەیی مسۆگەر نەکراوە" و بەو هۆکارانە داوا کراوە یاداشتەکە بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە.
 
لە یاداشتەکەدا، دۆخی ئێستای عێراق و سووریا وەکو "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی" تورکیا ناوبراوە و تێیدا هاتووە: "بەردەوامیی هەڕەشەی تیرۆر و نەبوونی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی دراوسێی سنوورە وشکانییەکانی باشووری تورکیا، مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان دروست دەکات."
 
لە بەشێکی یاداشتەکەدا هاتووە: "تورکیا گرنگییەکی گەورە بە پاراستنی یەکپارچەیی، یەکێتیی نیشتمانی و سەقامگیریی عێراق دەدات" 
 
پەکەکە، کە رایگەیاندبوو شەڕی چەکداریی راگرتووە، وەکو "ئامانج" نیشان دراوە. "هەوڵە جوداخوازییەکان لەسەر بنەمای ئەتنیکی، ئاشتیی هەرێمی، راستەوخۆ هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەمان دەکات."
 
لە بەشی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریای ئاماژە بە پەیەدە و یەپەگە کراوە: "پەیەدە و یەپەگە بەهۆی ئەجێندا جوداخوازی و دابەشکەرەکەیانەوە، رەتیدەکەنەوە هیچ هەنگاوێک بنێن بۆ بەشداریکردن لە ئیدارەی ناوەندیی سووریادا و هەوڵدەدەن رێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەی بنیاتنانی سەقامگیریی هەمیشەیی لە وڵاتدا بکەن."
 
لە یاداشتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی عێراق و سووریا و، بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ژمارە 2170 کە داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات "بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و رێکخراوە هاوشێوەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر"، رەوایەتیی نێودەوڵەتی بە یاداشتەکە دەدات.
 
رێگەپێدانی ناردنی سەرباز بۆ عێراق و سووریا یەکەمجار بە بڕیاری پەرلەمان ژمارە 1071 لە دوو ـی تشرینی یەکەمی 2014ـدا درا و دواجار بە بڕیاری ژمارە 1395 لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2023ـدا درێژکرایەوە.
 
بەم یاداشتە نوێیە، ئەم رێگەپێدانە لە 30ـی تشرینی یەکەمی 2025ـەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ درێژ دەکرێتەوە. ئەگەر لە پەرلەمان پەسند بکرێت، رێگەپێدانی سوپای تورکیا بۆ ئۆپەراسیۆن لەم ناوچانەدا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت.