لە دەربەندیخان هاوکارییەکانی عەسائیب ئەهل حەق دابەشکران و لە بەمۆ رەتکرانەوە
رووداو - دەربەندیخان
عهسائیب ئههل حهق هاوکاری مرۆیی دەگەیێنێتە سنووری دەربەندیخان و لەلایەن قایمقام و بەرپرسانی شارەکەوە پێشوازییان لێدەکرێت، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەمۆش دەڵێت "ئەوان هاوکارییان بۆ ئێمە هێنا، بەڵام رەتمانکردەوە".
رۆژی پێنج شەممە 16-11-2017، عهسائیبی ئههل حهق، كه یهكێكه له گرووپەکانی حهشدی شهعبی کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی دەربەندیخان نارد و لەلایەن قایمقام و بەرپرسانی ناوچەکەوە پێشوازییان لێکرا.
سۆران خەڵەف، بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سلێمانی، لە کاتی دابەشکردنی هاوکاریی چاوی بە بەرپرسانی عەسائیب کەوتووە و لەبارەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی بۆ سنووری دەربەندیخان ناردوویانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "عەسائیب ئەهل حەق، رۆژی پێنج شەممە لە رێگەی چەند بارهەڵگرێکەوە کۆمەک و هاوکارییان بۆ زیانلێکەوتوانی دەربەندیخان هێناوە، هاوکارییەکانیش بریتیبوون و لە دۆشەک و خێوەت".
بەرپرسانی دەربەندیخان پێشوازی لە بەرپرسانی عەسائیب ئەهل حەق دەکەن، وێنە: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بەرپرسی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە سلێمانی دەشڵێت "هاوکارییەکان بۆ قەزای دەربەندیخان، شارۆچکەکانی بەمۆ و مەیدان نێردراون و لە چەند شوێنێک دابەشکراون".
هاوکات حاکم عادل، بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەمۆ لەبارەی ئەو کۆمەک و هاوکارییانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی شارۆچکەی بەمۆ ، سەرجەم ئەو هاوکاریی و کەلوپەلانەمان رەتکردووەتەوە کە لەلایەن عەسائیب ئەهل حەق و رێکخراوی مانگی سووری عێراقی گەیشتوونەتە ناوچەکەمان و نەمانهێشتووە داخڵی شارۆچکەکە بن".
بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەمۆ دەشڵێت "هاوکارییەکان بە چەند بارهەڵگرێک هاتبوونە ناوچەکە، هاوکارییەکانیش خێوەت بوون، بەڵام ئێمە و خەڵکی ناوچەکە رەتمان کردەوە، کە هاوکارییەکان وەربگرین".
فریاد عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی دەربەندیخانە و ڤیدیۆی ساتی هاتنی گرووپەکەی گرتووە و دەڵێت " چەکدارانی حەشدی شەعبی لە دووزخورماتوو ماڵی خەڵکی دەستووتێنن و ئێستاش هاتوونەتە شارەکە و هاوکاری بۆ خەڵکی زیانلێکەوتووی ناوچەکە دەهێنن، بەداخەوە زۆر بە گەرمیش لەلایەن بەرپرسانی شارەکە پێشوزییان لێکرا".
شەوی یەکشەممە 12-11-2017 بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند. بەپێی سەنتەرەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەكە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (هەڵەبجە و كرماشان) بووە، گوڕەكەشی لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 7.6 پلەی رێختەر. لە باشووری کوردستان هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و 321 کەسیش برینداربوون.