بەهۆی دوو رووداوی هاتووچۆ لە بەردەڕەش چوار کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو - هەولێر 

 

ئەمڕۆ یەکشەممە لە دوو رووداوی هاتووچۆ لە شارۆچکەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش چوار کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
ئازاد تەها، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە رووداوەکان لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان شارۆچکەی روڤیا و گوندی جەمە روویداوە بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. 

 

 
رووداوی دووەم، بە گوتەی ئازاد تەها لەسەر رێگەی سەرەکی شارۆچکەی رۆڤیا بۆ پردی حوسنی روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش برینداربوونە. 

 
هۆكارەكانی هاتووچۆ لە جیهاندا هەشتەم هۆكاری مردنن، لە هەرێمی كوردستان رووداوی هاتووچۆ بووەتە یەکێک لەو هۆکارانەی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

 
گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ لەماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگی رابردوودا 18 هەزار و 634 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە بوونەتە قوربانی.
 
عەمید ئەسعەد مەلاکەریم، گوتەبێژی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەماوەی دوو ساڵ و نۆ مانگدا 11 هەزار و 921 رووداوی هاتووچۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا روویانداوە. لەو 18 هەزار و 634 کەسەی قوربانی رووداوەکانی هاتووچۆبوون، هەزار و 772 كەس گیانیان لەدەستداوە و 16 هەزار و 862 کەسیش برینداربوون.