گەنجێکی هەولێر 10 رۆژە هاوژین و منداڵە دوو ساڵانەکەی جێهێشتووە و بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
یونس خالید، گەنجێکی هەولێرە، رۆژی یەکشەممەی هەفتەی رابردوو لە ماڵ چووتەدەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە، کەسوکارەکەیشی دەڵێن، نازانن بۆ کوێ چووە و بەردەوام بە شوێنیدا دەگەڕێن.
ئەسمەر خالید، خوشکی یونسە و لەبارەی دیارنەمانی براکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یونس کاژێر 04:00ـی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 8-11-2020 لەماڵ چووەتەدەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە. "بەردەوامیش خۆمان و کەسوکارمان بەشوێنیدا دەگەڕێین".
ئەو خێزانە گومانیان لەوە نییە کەسێک کوڕەکەیانی رفاندبێت، کابان دایکی یونسە و بە رووداوی گوت، "ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ کەس نییە، نازانین بۆ کوێ چووە و تاوەکو ئێستا سۆراخی نییە".
یونس تەمەنی 28 ساڵانە و شەش ساڵ پێش ئێستا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و بەهۆیەوە بە گوتەی خوشکەکەی زیان بەر سەری گەیشتووە، بۆیە لەماڵەوە بووە و لەگەڵ دایک و باوکی دەژیا.
یونس ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی کچێکی دوو ساڵانە. ئەو لەگەڵ ماڵی باوکی لە گەڕەکی کورانی هەولێر دەژین. بەهۆی ئەو رووداوەی بەسەری هاتووە، وەک ئەسمەری خوشکی بۆ رووداوی باسکرد، نەیتوانیوە کار بکات و لەماڵ بووە. پێشتریش کرێکاری کردووە.
ئەسمەر دەڵێت، ئەو برایەی پێشتریش جاری وا هەبووە لە ماڵ چووەتەدەرەوە، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا گەڕاوەتەوە.
خێزانەکەی لەلای پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە و پۆلیس پێی گوتوون، لێکۆڵینەوە دەکەن.