نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی چیک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی چیک لە عێراق کرد و "هەموو پشتگیرییەکی خۆی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی لە ئەرکەکەی دەربڕی."

رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا، لەگەڵ يان شنايداوف، باڵيۆزى نوێى چيك له‌ عێراق کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی نوێی چیک رایگەیاند، له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتەکەی دەدات. 
 
"په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى عێراق و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه‌ كۆنسووڵی گشتيى چيك له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا وا دەڵێت.
 
هاوکات، رۆژی سێشه‌ممە، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جه‌نڕاڵ كێڤن لێيهى، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ئەمنييان لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەنێوبردنی پاشماوەکانی داعشدا، جه‌ختيان له‌ پتەوکردنی هاوکاری و هەماهەنگيی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتيدا، كرده‌وه‌".