ئەمڕۆ دەم پارتی لە پەیامێکدا داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025، کۆبوونەوەی (هیوا و ئازادی) رادەگەیێنرێت و لە گوتارێکدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکرێت.
راگەیاندنی کۆبوونەوەی (هیوا و ئازادی) کاژێر 12ی نیوەڕۆ لە کۆشکی جەمیل پاشا لە سووری ئامەد دەبێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتارێک پێشکێش دەکات و بە گوێرەی میدیای نزیک لەو پارتە، داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان یەکێک لە مژارە سەرەکییەکان دەبێت. دەم پارتی بەردەوام داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان دەکات.
لە رۆژی چوارشەممەوە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی "هیوا و ئازادی" دەستپێدەکات کە بڕیارە رۆژی 4-1-2026 لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد بەڕێوەبچێت.
مافی هیوا چییە؟
هەڵسەنگاندنی مافی ئازادکردنی زیندانییە و ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێت هەموو زیندانییەک هیوای ئەوەی هەبێت رۆژێک لە گرتووخانە بچێتە دەرەوە و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بێتەوە، بەڵام ئەمە تاوەکو ئێستا لە تورکیا نەبووەتە یاسا.
ئەگەرچی "مافی هیوا" لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە پەیڕەو دەکرێت و رێنمایی بە دادگەکانی تورکیاش دراوە جێبەجێی بکەن، بەڵام تورکیا ئەمەی نەکردووە.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەمبارەیەوە رەخنەی تووند لە تورکیا دەگرێت و دەڵێت، بەگوێرەی یاسا، دەبێت هەموو زیندانییەک لە دوای 36 ساڵ مانەوە لە ژوورەوە ئازاد بکرێت.