دەم پارتی: یاسای تایبەت بۆ مسۆگەرکردنی چەکدانان دەربکرێت

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان بۆ چارەسەری پرسی کورد پێکهێنراوە، ئەرکێکی یەکجار مێژوویی جێبەجێ دەکات و چاوەڕێی دەرکردنی یاسای تایبەتین کە خێراکردنی چەکدانان مسۆگەر دەکات. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، شەوی سێشەممە 16 ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە "خوانێکی هاوپشتی"دا کە لەلایەن پارتەکەیەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شارۆچکەی تۆرۆسلار لە پارێزگای مێرسین ـی تورکیا رێکخرابوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان ئەرکێکی یەکجار مێژوویی جێبەجێ دەکات و گوێگرتنێکی زۆر گرنگی کردووە. 
 
باسی لەوەشکرد کە ئەوان یەکەم پارت بوون راپۆرتیان پێشکێشی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمان کردووە و لەو راپۆرتانەدا "رەچەتەی چارەسەری"ـیان بۆ تورکیا پێشکێش کردووە.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە لە کۆمیسیۆنەکەدا راپۆرتێکی هاوبەش ئامادە بکرێت و گوتی: "چاوەڕێی دەستپێکردنی پرۆسەی یاسادانانین. لە پرۆسەیەکی وادا، بە پەلە و بەبێ بەفیڕۆدانی کات، چاوەڕێی دەرکردنی یاسای تایبەتین کە لە پێش هەموو شتێکەوە خێراکردنی چەکدانان مسۆگەر دەکات".
 
باسی لەوەشکرد، هەندێک لێدوان و هەڵوێستی چەواشەکارانە سەبارەت بە پرۆسەکە هەن و گوتی: "ئەوانەی ئەم چەواشەکارییە دەکەن و دەڵێن 'گفتوگۆکانی دەستوور، چوار مادەی یەکەمی دەستوور' وەکو دەم پارتی پێشتریش هەڵوێستی خۆمانمان لەمبارەیەوە دەربڕیوە. لێرەوە جارێکی دیکە وەڵامی ئەو لایەنانە دەدەینەوە کە دژی پرۆسەکەن و لە تووندوتیژی و شەڕدا نان پەیدا دەکەن. ئێستا دەستوور بابەتێک نییە کە لە رۆژەڤی تورکیادا بێت."
 
گوتیشی: "ئێستا پێویستمان بە پاککردنەوەی رێگاکەیە. لە کاتی پاککردنەوەی رێگاکەدا، پێویستە ئەو یاسایانەی ئاشتی و یەکگرتنی دیموکراتیانە کە باسمان لێوەکردن، لە پێش هەموو شتێکەوە دەربچن. دەبێت لەمانەدا رێزبەندییەک پەیڕەو بکەین. چەواشەکاریی دیکەش هەن. لەبەردەم ئێوەدا ئەو بیرکردنەوانە سەركۆنە دەکەین کە دەڵێن ئەم وڵاتە دابەش دەبێت و پێویستە تێڕوانینی تاکڕەوانە و رەگەزپەرستانە بەردەوام بێت. هەرگیز رێگەیان پێنادەین. لەسەر ئەم خاکە، ئاشتی، دیموکراسی و ئێمە سەردەکەوین."
 
زیاتر لە ساڵێكە پرۆسەیەکی نوێ بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و یەکسانی" پێکهێنراوە.
 
هەفتەی رابردوو هەریەک لە مەهەپە و دەم پارتی پێشنیازەکانی خۆیان لە راپۆرتێکدا پێشکێش بە کۆمیسیۆنەکە کردووە. بڕیارە دوای وەرگرتنی راپۆرتی سەرجەم لایەنەکان، تیمێکی تایبەت راپۆرتی کۆتایی ئامادە بکات و پاش پەسندکردنی لەلایەن ئەندامانی کۆمیسیۆنەوە، پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.