مەسرور بارزانی لە رۆژی ئاڵای کوردستان: ئەم ئاڵایە بووەتە دوا بەرگی جەستەی هەزاران شەهید
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی رۆژی ئاڵای کوردستان لە قەڵای هەولێر رایگەیاند، ئاڵای کوردستان هێمای قوربانیدان و پێكەوەژیانە و "چەندین جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید".
رۆژی چوارشەممە (17-12-2025)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێوڕەسمێکی تایبەت بە رێزگرتن لە رۆژی ئاڵای کوردستان لە قەڵای دێرینی هەولێر بەڕێوەچوو. لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک لە نوێنەران و کەسایەتییەکانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا وێڕای پیرۆزباییکردنی رۆژی ئاڵا، ئاماژەی بە رەهەندە سیمبولییەکانی ئاڵاکە کرد و گوتی: "ئاڵای کوردستان هێما و سیمبولی گەلەكەمانە، هێما و سیمبولی خۆڕاگری و قوربانیدانی بێوچانی گەلەكەمان و هێمای ئاشتی و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە، هێمای بەردەوامیی ژیان و هێمای وزە و هێزە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا باسی لەو قوربانییانە کرد کە لەپێناو مانەوەی ئەم ئاڵایە دراون.
مەسرور بارزانی گوتی: "ئەم ئاڵایە بە درێژایی مێژوو و هەر لە وەختی دروستبوونیەوە تاكوو ئێستا، چەندین جار بووەتە دوا بەرگی جەستەی گیانی هەزاران شەهید لە كوردستاندا."
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم ئاڵایە، "هەزاران تێكۆشەری تر لە زیندانەکان گیانیان سپاردووە یان بەرەو پەتی سێدارە ڕۆیشتوون، یان لە لوتكەی چیاكان و پانتایی دەشتەكان گیانیان سپاردووە، بۆیە ئەركی هەموومانە ئەو ئاڵایە بەرز ڕابگرین."
لە کۆتایی گوتەکانیدا، مەسرور بارزانی پەیامی ئومێد و کارکردنی پێکەوەیی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئێستاش لەژێر سایەی ئەم ئاڵایە پیرۆزە بەرەو كوردستانێكی ئاوەدان و ئارام و سەقامگیر، دەست لەناو دەستی یەكتر، هەنگاو دەنێین."