خەیاڵ قەرتەڵ: کوردستان لە نیویۆرک سەلامەتترە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی کولتووری کوردی لە نیویۆرک دەڵێت، "هەرێمی کوردستان لە نیویۆرک و وڵاتانی رۆژئاوا سەلامەتترە، ئەمەش بۆ من جێگەی دڵخۆشییە و پێویستە کورد یەکگرتووبێت".
 
خەیاڵ قەرتەڵ، سەرۆکی ناوەندی کولتووری کوردی لە نیویۆرک لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە سەردانەکەی بۆ کوردستان کرد و گوتی، "شەڕەفمەندم کە لێرەم، وڵاتەکەم زۆر جوانە، سەردانی دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە و هەورامانم کرد، ئەوە بۆ من دەرفەتێکی باش بوو کە بزانم لە نیویۆرک چی بکەم."
 
خەیاڵ قەرتەڵ کە خەڵکی ئەرزنگانی باکووری کوردستانە و لە ئیستانبوڵ و نیویۆرک ژیاوە، دڵخۆشە کە خەڵکی کوردستان بۆ وڵاتەکەیان "دڵسۆز"ن و دەڵێت،"لێرە وزەی زۆر زۆر هەیە و خەڵک لێرە زۆر دڵسۆزن، کوردستان شوێنێکە زۆر سەلامەتە و لە نیویۆرک و وڵاتانی رۆژئاوا سەلامەتترە، ئەوەش وام لێدەکات زۆر هەست بە شانازی بکەم، ئەو رێزەی لێرە هەیە بۆ وڵاتەکەمان و ئاڵاکەمان زۆر وزەت پێدەبەخشێت."
 
نیویۆرک کە یەکێکە لە بەناوبانگترین شارەکانی جیهان و ژمارەی دانیشتووانی 8 ملیۆن کەس دەبێت، بەوە ناسراوە کە ناخەوێت، لەو شارە بەهۆی زۆری نەتەوە جیاوازەکانەوە ژمارەیەک زۆر زمان دەبیستی لەکاتی سەردانی ئەو شارەدا، کوردی یەکێک لەو زمانانەیە.
 
خەیاڵ قەرتەڵ باس لە چالاکییەکانی ناوەندەکەیان کرد و گوتی، "ئێمە وەکو ناوەندی کوردی لە نیویۆرک چەندین چالاکی سازدەکەین، لەنێویاندا فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، وانەی کوردی و کتێبخانەی کوردی، ئەوەی ئێمە دەیکەین زۆر بەبایەخە بۆ نیویۆرک بەگشتی، چونکە خزمەت بە کولتووری ئەمریکییەکان دەکات.
 
لەبارەی فیلمە فێستیڤاڵی کوردی نیویۆرک، کە بڕیارە بەهاری ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، سەرۆکی ناوەندی کوردی لە نیویۆرک باس لە ژمارەی فیلمی بەشدار و چۆنییەتی هەڵبژاردنی فیلمەکان دەکات و دەڵێت، "تیمەکەمان لە تەواوی کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان پێکهاتووە، هەوڵمان داوە نوێنەرایەتیی هەموو کورد لە لیژنەکەدا هەبێت، ئەو سنوورەی کە لە نێوانماندا دانراون و لە مێشکمان دروستبووە دەبێت ئەو سنوورانە بشکێنین و کولتووری کوردی نیشان بدەین." 
 
خەیاڵ قەرتەڵ هەروەها گوتی، "فیلمەکان لە چەندین بواردا کۆکراونەتەوە و چەندین خەڵکی ئەکادیمی و بە ئەزموون تێیدا بەشدارن، کە پێداچوونەوە بە فیلمەکان دەکەن و فیلمەکان لایەنی جیاوازی تێدا کۆبووەتەوە، لە ماوەی رابردوو سەیری 200 فیلمان کردووەو دوای تەماشاکردنیان هەڵبژێردران و جیاکراونەتەوەو لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارییان پێدەکرێت."