وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: هێرشەکەی هەولێر دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی عێراق و قبووڵکراو نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆڕبەندی داڤۆس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەزیرە بەریتانییەکە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە دەستدرێژیی بۆ سەروەریی عێراق ناویبرد.
رۆژی پێنجشەممە، 18-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆسی سویسرا لەگەڵ دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، لە دیدارەکەدا تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکەیان لەبارەی هێرشەکانی ئێران بوو بۆ سەر هەولێر."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پرسە و هاوخەمیى خۆی بە مەسرور بارزانی گەیاند و هێرشەکەی بە تووندی سەرکۆنە کرد و گوتی، "هیچ پاساوێکی نییە و دەستدرێژییە بۆ سەروەریى عێراق و قبووڵکراو نییە." لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوخەمی و پشتیوانیی بەریتانیای کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هاریکاری و هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بەگشتی.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."