نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا: هاوکاریی سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر گرنگە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن گوتی "کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم داواکارییەکی نەتەوەیی بوو."
ئەمڕۆ (شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025) سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە واشنتن، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژیری 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "بڵاوبوونەوەی وێنەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم دڵی هەموو کوردێکی خۆش کرد."
سینەم محەممەد گوتی، "ئەو کۆبوونەوەیە بۆ ئەم قۆناخەی ئێستای ئێمە لە سووریا و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە دا روو دەدەن، گرنگە، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت لەو گۆڕانکارییانە دا جێگەی هەبێت. گرنگە کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە یەکدەنگی گفتوگۆ لەگەڵ شام دا بکات."
لەبارەی کاریگەریی ئەم کۆبوونەوەیە لەسەر یەکڕیزی کورد لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سینەم محەممەد گوتی، "لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە کوردییەکان دەکرێت، گفتوگۆ لەسەر زۆر خاڵی جیاواز دەکرێت."
سینەم محەممەد گوتیشی، "چەند ساڵ بەر لە ئێستا کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکان هەبوو، کاک مەسعود هەمووکات جەختی دەکردەوە، پێویستە کورد بە یەکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەنجامێکی باش بەدەست بێنن."
سینەم محەممەد دەڵێت، "بەڕێز مەسعود بارزانی و جەنەراڵ مەزڵووم خواستی ئەوەیان هەیە دیالۆگی کوردی-کوردی ئەنجامی هەبێت و جەختیانکردووەتەوە لەوەی هەموو کورد چۆن بتوانن لە رۆژئاوای کوردستان پێکەوە کار بکەن و چۆن بەیەکەوە لەگەڵ شام گفتوگۆ بکەن، بۆ ئەمە هاوکاری باشوور و سەرۆک مەسعوود بارزانی زۆر گرنگە."
نوێنەری مەسەدە دەڵێت "ئەگەر کورد یەکدەنگ بن، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دەتوانن زیاتر پشتگیری رێڤەبەری خۆسەر بکەن. لە ماوەیەکی نزیکدا لایەنە کوردییەکان کۆدەبنەوە، جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لەگەڵیان دا دادەنیشێت و باسی ئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەکات."
لەبارەی داهاتووی سووریا، نوێنەری مەسەدە رایگەیاند، "سووریا ناتوانێت بە سیستەمی ناوەندی بەڕێوەببردرێت، سیستەمێکی ناناوەندی دەتوانێت کێشەکانی سووریا چارەسەر بکات. سیستەمی رێڤەبەریی خۆسەر تاکە سیستەمە کە بتوانێت بۆ بەڕێوەبردنی سووریای داهاتوو بەکار بێت."
لەبارەی پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان، سینەم محەممەد گوتی، "هەردوو لایەنی کۆماری و دیموکراتەکان، بۆچوونێکی باشیان بەرامبەر کورد هەیە، بەتایبەت کە لە تێکشدانی داعش دا سەرکەوتوو بوون."
نوێنەری مەسەدە دەڵێت، "ئەمریکا و ئەورووپا ترسیان لەوە هەیە جارێکی دیکە داعش ببێتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە، ئەمریکییەکان گەیشتوونە ئەو بڕوایەی کەس جگە لە کورد ناتوانێت کێشەی داعش چارەسەر بکەت."
لەبارەی بۆچوونی ئیدارەی نوێی ئەمریکا لەبارەی کورد، سینەم محەممەد گوتی "ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە فەرمی هیچی نەگوتووە، بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئیدارە نوێیەکەدا هەن، پشتگیریی گەلی کورد دەکەن و دەیانەوێت مافی کورد پارێزراو بێت."
لە بارەی هەڕەشەکانی تورکیاش، سینەم محەممەد رایگەیاند، "تورکیا پێگەیەکی گرنگی هەیە، ئەمریکا بە رێگەی دیپلۆماسی کار دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان و بە لایەنی تورکیای گوتووە دەبێت ئەو هێرشانە رابگرن و رێکەوتنێک بکەن، بەڵام تورکیا و ئەردۆغان دەیانەوێت پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ، هەندێک دەستکەوت بەدەستبهێنن."
لە بارەی بەشداریکردن لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی تڕەمپ، سینەم محەممەد دەڵێت، "جەنەراڵ مەزڵووم و هیچ شاندێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەشداری رێورەسمەکە نابن و ئەو وەک نوێنەری مەسەدە بەشدار دەبێت."