سەرچاوەیەک لە هەسەدە بۆ رووداو: مەزڵووم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە هەسەدە بە رووداوی گوت: مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەڕێگەیە بەرەو دیمەشق و بڕیارە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆببێتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لەنێو هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە، بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکە مەزڵووم عەبدی بە تەنیا نییە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا لە سووریا لەگەڵی دا بەشدارە."
ئەم کۆبوونەوەیە دوای زنجیرە کۆبوونەوەکانی دوێنێی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدەیە کە لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، تۆمباراک دواتر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی دێر حافر، دێرەزوور، مەسکەنە و ناوچەکانی دیکە دێت.
هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە لە هەسەدە باسی دۆخی ئێستای ناوچەکەی کرد و رایگەیاند: "سوپای عەرەبیی سووریا دەبابەی هێناوەتە ئەوبەری فورات و تۆپبارانی رەققە دەکات."
لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووری، شەڕڤانێکی هەسەدە بە رووداوی گوت: "لە بەنداوی تشرین سێ هێرشمان تێکشکاندوون، لە فوراتیش بە درۆنی برووسک لە چەکدارەکان دەدەین و بەرگری دەکەین."
مەزڵووم عەبدی بە میدیای نزیک لە هەسەدەی راگەیاندووە: "سەرەڕای هێرشەکان، بەردەوامین لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی و راگرتنی شەڕ."
دوو رۆژە گرژییەکانی نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە دەستیانپێکردووە، هەرچەندە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی کە لە دێر حافر و مەسکەنە هێزەکانیان دەکشێننەوە، بەڵام بەبێ رێککەوتنی پێشوەختە لە دێرەزووریش سوپا هێرشی کردەسەر شەڕڤانان.