نێوەڕۆکی نەخشەڕێگا هەشت خاڵییەکەی یەکێتی بۆ ساڵی 2017

رووداو - سلێمانی

رووداو نێوەڕۆکی نەخشەڕێگا هەشت خاڵییەکەی یەکێتی بۆ ساڵی 2017 بڵاودەکاتەوە، کە رۆژی شەممە 18-2-2017 مەکتەبی سیاسی پەسندی کرد و پێویستە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش دەنگی لەسەر بدات.

رۆژی شەممە 18-2-2017 مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەکەمی سکرتێری گشیی لە سلێمانی کۆبووەوە، ئەوەش سێیەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییە لە ماوەی یەک هەفتەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی سیاسی نەخشەڕێگا هەشت خاڵییەکەی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان پەسندکرد. هاوکات بڕیاردرا رۆژی چوارشەممە 22-2-2017 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ پەسندکردنی نەخشەڕێگاکە کۆببێتەوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند "کۆبوونەوەکەیان زۆر باش بووە و لەسەر هەموو شتێک گەیشتوونەتە رێککەوتن. یەکێتی ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی کێشە سیاسی و ئابوورییەکان".

نەخشەڕێگاکەی یەکێتی لە هەشت ماددە پێکهاتووە:

- راگرتن و دروستکردنی هاوسەنگی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا.

- چارەسەرکردنی کێشە سیاسیی و یاساییەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان.

- دۆزینەوەی کورتترین رێگا بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی.

- دروستکردنی شەفافییەت لە داهات و فرۆشتنی نەوتدا.

- رێکخستنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی هاوسەنگی تیایاندا.

- چاکسازی راستەقینە و بنەبڕکردنی گەندەڵی.

- ناردنی شاندێک بۆ بەغدا بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

- هەرێمی کوردستان پێویستی بە حکومڕانیەکی باشتر هەیە. دەبێت شێوازی حکومڕانی ئێستا بگۆڕدرێت.


داڕشتنەوە: حەکیم داود