فیلمێکی سینەمایی لە دەڤەری بارزان لەسەر مێژووی 100 ساڵەی چوار پارچەی کوردستان بەرهەمدێت


رووداو - هەولێر

"وەڵاتێ من" میوزیک فیلمێک بە ژانرێکی مێژووییەوە، چەند هونەرمەندێک لە چوارپارچەی کوردستان تێیدا بەشدارن، شێوەزار و دەنگی هەر چوارپارچەیە بۆ گێڕانەوەی مێژوویەکی سەد ساڵەی خەباتی رزگاریخوازیی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، بە ستایل و فۆڕمێکی جیاوازی هونەرییەوە.
 
ئەسپ وەک کۆڵەکەیەک لە شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەم میوزیک فیلمەیە کە تێیدا زیندوو کراوەتەوە و رۆڵێکی بەرچاوی هەیە. میوزیک، دەنگبێژی تێکەڵ بەیەکدی دەبن و فەزای مێژوو و خەباتی کورد دەخولقێننەوە.
 
زمانی میوزیک زیندووترین و کاراترین ئامرازی گێڕانەوەیە لەم بەرهەمەدا، لە دەرهێنانیشدا هەوڵدراوە بینەر لەگەڵ ئەوەی کە بەرەوڕووی گێڕانەوەیەکی مێژوویی بووەتەوە، هونەر و میوزیک و دەنگبێژی کوردیش بە تەواوی هەستپێبکات.
 
بەرهەمی "وڵاتێ من" نزیکەی شەش مانگە  وێنەگرتنی دەستیپێکردووە، تێکست و سیناریۆکەشی نزیکەی ساڵێک کاری لەسەر کراوە. ماوەی دوو هەفتەیە چەند هونەرمەندێک لە چوارپارچەی کوردستانەوە تۆماری دەنگ و میوزیکیان دەستپێکردووە، بڕیارە ئەم بەرهەمە بە زمانەکانی عەرەبی و ئینلگیزیش بەشداریی فیستیڤاڵە جیهانییەکانی پێبکرێت.