هاتووچۆی هەولێر، سلێمانی و گەرمیان بۆ شۆفێران: رۆژی یەکشەممە سەردانمان مەکەن

رووداو دیجیتاڵ

هەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەولێر، سلێمانی و گەرمیان ئاگادارییەکیان بڵاوکردەوە؛ هاتووچۆی هەولێر داوا لە شۆفێران دەکات یەکشەممە و دووشەممە سەردانیان نەکەن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری و هاتووچۆی سلێمانی و گەرمیانیش داوا دەکەن رۆژی یەکشەممە 19-02-2023 سەردانیان نەکەن.

هاتووچۆی هەولێر رایگەیاندووە، "سەرجەم شۆفێران و سەردانیکەرانی بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، کەوا بەهۆی تازەکردنەوەی سیستمی ئەلکترۆنیی مۆڵەت، رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە لەم هەفتەیەدا، واتە 19 و 20ی شووباتی 2023، تازەکردنەوەی مۆڵەت رادەگیرێت. ئەو کەسانەی کە ئەم دوو رۆژەیان بۆ دانرابوو، دەتوانن لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتەکانیان."

هاوکات هاتووچۆی سلێمانییش ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "سبەینێ رۆژی یەکشەممە، واتە 19-02-2023، [شۆفێران] سەردان نەکەن بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان لەبەرئەوەی ئێستا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەکانمان راگرتووە، ‎لەکاتی کردنەوەی بەشی مۆڵەت لە رۆژانی داهاتوو و دووبارە راییکردنەوەی مامەڵەکانتان لە پەیج و ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیێنین."

هەروەها هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، "ئەو هاووڵاتییانەی رۆژی پێنجشەممە نیوەی مامەڵەکانیان تەواو کراوە، بە هەمان شێوە سبەینێ سەردانی بەشی مۆڵەت نەکەن تاوەکو ئاگادارکردنەوەی داهاتوومان."

هەروەها بەشی مۆڵەت لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان هەمان ئاگاداریی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچی سلێمانیی بڵاوکردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییان کردووە کە رۆژی یەکشەممە 19-02-2023 سەردانیان نەکەن، "لەبەر ئەوەی ئێستا بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارەکانمان راگرتووە."