لاهوور شێخ جەنگی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەند جارێکە لە ترسی گۆڕانکارییەکان دوادەخرێت


رووداو دیجیتاڵ

لاهوور شێخ جەنگی داوا لە گەنجان دەکات "بە هیوا و ئومێدێکی زۆرەوە" خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن و دەڵێت، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەند جارێکە لە ترسی گۆڕانکارییەکان دوادەخرێت. داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، لاهوور شێخ جەنگی لە نوێترین پەیامی ڤیدیۆییدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە رایگەیاند، "ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بێ بازاڕی و خراپیی دۆخی کاسبکاران و ئیفلیجبوونی زۆرینەی کایەکان و بێهیوابوونی گەنجەکانمان، لێمان دەخوازێت کە بە هەموومان ئەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنین، پێکەوە سەرەتایەکی نوێ دەست پێ بکەین کە رێگا لە نغرۆبوونی زیاتر بگرێ و جۆرێک لە هەستانەوە و سەرپێخستنەوەی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک جێگیر بکەین، ئەوەش لە ئێستادا تەنیا و تەنیا بە بەشداریکردنی فراوانی ئێوەی دەنگدەران دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا."
 
بە گوتەی لاهوور شێج جەنگی، "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چەند جارێکە لە ترسی گۆڕانکارییەکان دوادەخرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان بەرەو حوکمڕانییەکی باش بڕوات. تاکە رێگای گۆڕانکاریش سندووقەکانی هەڵبژاردنن."
 
لاهوور شێخ جەنگی دەشڵێت، "رووداوەکانی دوو ساڵی رابردوو زۆر هاوکیشەیان لە ناوخۆی هەرێم و واقیعی سیاسیی عێراق و ناوچەکە گۆڕیوە کە وا دەکات دۆخی سیاسیی ئێستا و دوو ساڵ لەمەوبەر بە تەواوی جیاواز بێت، ئەو جیاوازییەش دەسەڵاتداران پێش خەڵک هەستیان پێکردووە، بۆیە هەڵبژاردن دوادەخەن."
 
 
لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامەکەیدا، روو لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات و دەڵێت: "داواکارم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات کۆببێتەوە و وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات. هەروەها داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەکەم، وادەی دەرکردن و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان درێژ بکاتەوە، تا دەرفەت بدرێت بەو دەنگدەرانەی کە هێشتا ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە و کارتەکانیان وەرنەگرتۆتەوە."
 
لاهوور شێخ جەنگی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا روونی کردووەتەوە: "ئێستا دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریی حیزبەکانی هەرێم هەرگیز وەک پێشتر نییە، ئەجێندا هەرێمایەتییەکان مەترسیدارن، پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە، حکومەت کاربەڕێکەرە، فرۆشتنی نەوت بە بۆری ڕاگیراوە، کێشە داراییەکان لەگەڵ عێراق ئاڵۆزتربوون، مامۆستایان لەسەر شەقامەکانن و ناڕەزایەتییان فراوان و فراوانتر دەبێت، خەڵک تەواو بێزارە؛ لە رێگای بەشداری هەڵبژاردنەکانەوە، شەرعییەتی دەنگی خۆتان بدەن بەو هێزانەی کە پێتان وایە دەتوانن خزمەتتان بکەن و سەرەتایەکی نوێ و جیاواز دەهێننە کایەوە."