بەرپرسیاری رەمەزان؛ سێ منداڵی ماڵە شەهیدێک نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
سەیران موراد، هاوژینەکەی لە شەڕی دژی داعش شەهید بووە، لەگەڵ سێ منداڵە نەخۆشەکەی لە خانوویەکی کۆندا ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی نەبوونی چارەسەرییەوە، گەشەی منداڵەکانی وەستاوە.
سەیران موراد، لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "خانووەکەمان دڵۆپە دەکات، دیوارەکان کەڕوو و شێیان گرتووە و بۆنی دێت. چەندینجار بەهۆی دڵۆپەوە شۆرتی کارەبا روویداوە و دیواری خانووەکە تەقیوە و مەترسیی داڕووخانی لەسەرە."
هاوژینی سەیران لە 28-08-2014 لە شەڕی دژی داعش لە زووممار شەهید بوو. ئێستا ئەو لەگەڵ کوڕێک و دوو کچیدا دەژی، کە هەرسێکیان نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەریی پزیشکیی بەردەوام هەیە.
کوڕە گەورەکەی، ئەیمەن، تەمەنی 18 ساڵە، کەمبیست و کەمگۆیە و تاوەکو ئێستا شەش نەشتەرگەری بۆ کراوە. دوو کچەکەشی، خەجیجە (15 ساڵ) و یاران (11 ساڵ)، بەهۆی کێشەی گەشەوە پێویستیان بە دەرزیی هۆرمۆنی گەشە هەیە.
سەیران باس لەوە دەکات، نرخی یەک دەرزیی گەشە دەگاتە 360 هەزار دینار و هەر منداڵێکی مانگانە پێویستی بە دوو دەرزی هەیە. ئەگەر لە نەخۆشخانەکان دەستیان نەکەوێت، ناچارن بە پارەی خۆیان بیکڕن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروستکردوون و نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار قەرزارن.
یارا، کچە بچووکەکەی سەیران، دەڵێت، "نان خواردن و خوێندن و خەوتنمان لە یەک ژوورە. داوا دەکەم ژوورێکی تایبەتم بۆ دابین بکەن."
دکتۆر سەروان موسا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، چەند جارێک پشکنینی بۆ منداڵەکانی سەیران کردووە، بە (رووداو)ی گوت، هەرسێکیان پێویستیان بە وەرگرتنی هۆرمۆنی گەشە هەیە.
دکتۆر سەروان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دەرزییە لە رێگەی بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، بەڵام بە بڕی پێویست ناگات. هەروەها هۆشداریی دا لە کڕینی ئەو دەرزییە لە بازاڕی ئازاد و گوتی: "ئەگەر ئەو دەرزییە لە بازاڕی هەرێمی کوردستان هەبێت، فەرمی نییە و بە قاچاخ دێت، چونکە بە کوالێتیی کۆنترۆڵدا تێنەپەڕیوە و ئەسڵی نییە."
ئەو خێزانە لە خانوویێکدا دەژین، مەترسی رووخانی هەیە، چونکە زەوییەکەی رۆچووە و لە چەندین شوێنی ماڵەکە قاپ و مەنجەڵ بۆ ئاوی دڵۆپە دانراوە.
خێزانەکە لە گەڕەکی دەربەند لە شەقڵاوە دەژین. چاویان لە هاوکاریی خێرخوازانە بۆ رزگاربوونیان لەم دۆخە.