پێشبینی دەکرێ لە 5 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر و لە 6 پارێزگاش باران ببارێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی تورکیا، لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر و باران دەبارێ و هۆشداریی لافاویش لە هەندێک شوێن دەدرێت. 
 
کەشناسیی تورکیا بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 هۆشداریی "کۆدی زەرد"ی باران و بەفربارینی بۆ 19 پارێزگا داوە، 11 یان لە باکووری کوردستانن.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پێنج پارێزگای باکووری کوردستان بەفر دەبارێ و لە شەش پارێزگای دیکەش باران دەبارێت. 
 
بەگوێرەی پێشنینییەکان، ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی سێواز، ئەرزەڕۆم، قەرس، مەڵەتی و وان بارانێکی بەخوڕ و لە ناوچە بەرزەکانی ئەو پارێزگایانەش بەفر دەبارێ. 
 
لە پارێزگاکانی ئامەد، دیلۆک، سێرت، بەدلیس، مەڕەش و رووها هۆشداریی بارانی بەخوڕ دراوە و ئەگەری دروستبوونی لافاویش هەیە.
 
کەشناسیی تورکیا دەڵێ، لە ناوچە لێژەکاندا کە بڕێکی زۆر بەفری تێدایە، مەترسیی هەرەسی بەفر هەیە. بەو هۆیەوە داوا لە هاووڵاتییان کراوە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.