نێچیرڤان بارزانی و کۆنسووڵی تورکیا: دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان لە شەڕ دووربخرێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر کۆبوونەوە. هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکەونە نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 18ی ئازاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسووڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد. بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان تاوتوێ کران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و کۆنسووڵی تورکیا جەختیان لە "گرنگیی برەودانی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان" کردووەتەوە، بە ئامانجی رێگریکردن لە فراوانبوونی زیاتری شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان.
 
دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە. هەردوولا هاوڕا بوون کە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا پێویستییەکی گرنگە و نابێت رێگە بدرێت وڵاتەکە پەلکێشی نێو ئاڵۆزییەکان بکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ تورکیا دووپاتکردەوە، لەبەرانبەر ئەو ئاسانکارییانەی لە دەروازە سنوورییەکان بۆ هاتووچۆی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی پێشکەش دەکرێن.
 
کاریگەرییەکانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەسەر تورکیا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرە و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی دۆخی ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵی تورکیا بوون.