دانپێدانانی بکوژەکەی گوڵستان دۆکو: دووگیان بوو و گولـلەم نا بە سەرییەوە
رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو لە دێرسیمی باکووری کوردستان وەرچەرخانێکی گەورەی بەخۆوە بینی و ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 9 کەس. بەپێی نوێترین زانیارییەکان، یەکێک لە تۆمەتبارەکان دانی بەوەدا ناوە کە گوڵستان دۆکوی کوشتووە چونکە دووگیان بووە.
گوتەکانی سیدار ئاڵتاش، برای تۆمەتبار ئوموت ئاڵتاش کە ئێستا لە ئەمریکایە، لەگەڵ پارێزەری دۆسیەکە خرایە ناو پەڕاوی لێکۆڵینەوەوە. ئاڵتاش لەو گفتوگۆیەدا ناوی مستەفا تورکای سۆنێل، کوڕی تونجای سۆنێلی پارێزگاری پێشووی دێرسیم دەهێنێت و دەڵێت: "ئەوەی بیزانم وەک زانیاری ئامادەم هاوکار بم."
بە گوتەی ئوموت، تورکای لەبارەی کوشتنی گوڵستان دۆکو گوتوویەتی: "کچەکە دووگیان بوو، منیش گوللەم نا بە سەریەوە." ئەم رستەیە وەک بەڵگەیەکی سەرەکی لە ڤیدیۆیەکدا خراوەتە ناو دۆسیەکەوە.
ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتە 9 کەس
دۆسیەی بێسەروشوێنبوونی گوڵستان دۆکو، خوێندکاری زانکۆی مونزوور لە دێرسیم، دوای دەرکەوتنی بەڵگەی نوێ دووبارە هەڵدرایەوە. ئێستا دۆسیەکە لە "بێسەروشوێنبوون"ـەوە گۆڕدراوە بۆ "کوشتنی گوماناوی، شاردنەوەی تەرم و لەناوبردنی بەڵگەکان."
شوکری ئەرۆغڵو، پاسەوانی تایبەتی تونجای سۆنێل، پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم، رۆژی 14ـی نیسانی 2026 دەستبەسەر کرا و دواتر بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا. بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا گەیشتە 9 کەس. بەیانیی رۆژی شەممە 18-4-2026، زەینەل ئەباکارۆڤ، خۆشەویستی پێشووی گوڵستان دۆکو و ئەنگین یوچەری باوکی دەستگیر کران.
رێکارەکان بەرامبەر پارێزگاری پێشوو بەردەوامن
رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تونجای سۆنێل، پارێزگاری ئەو کاتەی دێرسیم و مستەفا تورکای سۆنێلی کوڕی، لەگەڵ چاغداش ئۆزدەمیر، بەڕێوەبەری ئەو کاتەی نەخۆشخانەی حکومەتی دێرسیم کە رۆژی هەینی دەستبەسەر کران، بەردەوامن.
پێشتر چەندین کەسی دیکە دەستگیر کرابوون، لەوانە: گۆکان ئەرتۆک (پۆلیسی پێشوو کە تۆمەتبارە بە سڕینەوەی زانیارییەکانی سیمکارتی گوڵستان)، ئەردۆغان ئەڵاڵدی، جەمیلە یوچەر، جەلال ئاڵتاش، نوورشەن ئاریکان و فەرهاد هانەدان گوڤەن. هەروەها دوو بەرپرسی کامێراکانی چاودێریی زانکۆی مونزوور بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
پۆلیسە دەرکراوەکە: پارێزگار هەڵیخەڵەتاندم
گۆکان ئەرتۆک، ئەو پۆلیسەی بە تۆمەتی سڕینەوەی زانیارییەکانی سیمکارتی گوڵستان دەستگیر کرابوو، داوای سوودمەندبوون لە یاسای "پەشیمانی" کرد و پارێزگاری پێشووی تۆمەتبار کرد. ئەرتۆک گوتی: "پارێزگار تونجای سۆنێل و شوکری ئەرۆغڵو منیان هەڵیخەڵەتاند و پێیان گوتم میدیا گوشارمان بۆ دەهێنێت؛ بەم شێوەیە سوودیان لە لێهاتوویی تەکنیکیی من وەرگرت و بەکاریان هێنام." ئەو جەختی کردەوە کە سیمکارتەکەی لەلایەن پاسەوانی پارێزگارەوە پێدراوە و پەشیمانە لەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە ناو زانیارییەکانەوە.
چی روویدابوو؟
گوڵستان دۆکو، خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە. رۆژی 5ـی کانوونی دووەمی 2020، کاتێک تەمەنی 21 ساڵ بوو، دوای ئەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی دێرسیم چووە دەرەوە، بێسەروشوێن بوو. ئەو خوێندکاری بەشی گەشەپێدانی منداڵان بوو لە زانکۆی مونزوور.
دوای ونبوونی، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە گەڕان کرد و تەنانەت بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەو کاتە، ئاوی بەنداوی ئوزونچایر زۆر کەم کرایەوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی، بەڵام بێ ئەنجام بوو. خێزانی گوڵستان هەمیشە زەینەل ئەباکارۆڤی خۆشەویستی پێشووی کچەکەیان بە تۆمەتبار دەزانی، کە زڕباوکەکەی لە دێرسیم پۆلیس بوو و دواتر لە کارەکەی دوورخرایەوە. ئێستا بە دەرکەوتنی ئەم دانپێدانانە نوێیانە، دۆسیەکە رێڕەوێکی دیکەی وەرگرتووە.