سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری بەرگریی تورکیا جەخت لە بەردەوامیی ئاگربەست دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە و پرسی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەیانیی رۆژی شەممە، 18-04-2026، لە دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی و یاشار گولەردا، دواپێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و کاریگه‌ری و لێکه‌وته‌کانیان باس کران.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەردوولا جەختیان لە گرنگیی به‌رده‌وامیی ئاگربه‌ست، به‌دیهاتنی ئاشتی و پاراستنی سه‌قامگیری لە رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست کردەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، وه‌زیری به‌رگریی تورکیا "ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد" و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند کە "نه‌بووه‌ته به‌شێک له شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که." یاشار گولەر داکۆکیشی لە پێویستیی هەماهەنگیی هەمەلایەنە کرد بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه "فاکته‌ری ئارامی و سه‌قامگیری ده‌بێت" و جەختی لەوە کردەوە کە خوازیاری په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانن له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هاریكاریی هاوبه‌شی نێوانیان لە بوارە جیاجیاکاندا.