خولێکی فێربوونی کۆمپیوتەر بۆ نابینایان دەکرێتەوە

رووداو- هەولێر

خولێکی فێربوونی کۆمپیوتەر بۆ نابینایان دەکرێتەوە و ئەوانیش دڵیان بەوە خۆشە، کە خۆیان کاری کۆمپیوتەریی خۆیان ئەنجامدەدەن.

ئەگەرچی تاوەكو ئێستا ئامارێكی سەرتاسەری بۆ ژمارەی نابینایان لە هەرێمی كوردستان نییە، بەڵام نزیكەی 3 هەزار نابینا ئەندامی  یەكێتی نابینایانی هەولێر و دهۆكن و لە سلێمانیش نزیكەی 4000 نابینا هەن.

نابینایان لە زۆر بواری ژیاندا بۆ بەڕێكردنی كارەكانی رۆژانەیان پێویستییان بە یارمەتی ئەوانەیە، كە دەبینن،  نابینایانی هەرێمی كوردستان بە گوتەی خۆیان "كەسانێكن كە رەنگە زیاتر لە هەركەسێكی نابینای جیهان لە هەوڵ و كۆششدان بۆ باشكردنی كارەكانیان لەرێگەی تەكنەلۆژیای نوێی".

مامۆستا لوقمان سەركەوت، بەڕێوەبەری سەنتەری نابینایانی رۆشنایی لە هەولێر گوتی، "لە كاتی نمایشكردنی چالاكییەكانی سەنتەرێكی نابینایان، كارەكانیان، بەتایبەت ویندۆزێكی دەنگی، لەگەڵ فێركاری بەرنامە و یاری كۆمپیوتەری تایبەت بە نابینایان دابەشكران و بووە جێگای سەرسامی ئامادەبووان".

ئەگەرچی بەرنامەكانی كۆمپیوتەری نابینایان بە زمانی كوردی نەبوون، بەڵام نابینایان دڵخۆشبوون بەوەی هەنگاوێك بەرەو پێشەوەچوون و بە گوتەی خۆشیان لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، ئەوان خۆیان كاری كۆمپیوتەری خۆیان ئەنجامبدەن.

ئاریال نوتق، ئەو بەرنامەیەیە، كە  نووسینی ماڵپەڕەكان بۆ نابیناكان دەخوێنێتەوە، بەڵام بە زمانی كوردی نییە، بۆیە سەنتەرەكە لەگەڵ كۆمپانیای ئەكەپێڵای نەرویجی گفتوگۆیان كردووە تاوەكو بەرنامەکە زمانی كوردیش بخوێنێتەوە، دەشڵێن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەیان پێویستییان بە یارمەتی حكومەت دەبێت.