دادگەی باڵای ئیتاڵیا سزاکەی مەلا کرێکاری کەمنەکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای ئیتاڵیا رەتیکردەوە سزاکەی سەر مەلا کرێکار کەمبکاتەوە، برایەکیشی دەڵێت دادگەکە بە شێوەی زارەکی ئەو بڕیارەی بە پارێزەرەکەی مەلا کرێکار راگەیاندووە.
رۆژی چوارشەممە ، 18-5-2022، خالید رەنجدەر، برای نەجمەددین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا کرێکار، سەرکردەی پێشووی گرووپی چەکداریی ئەنسارولئیسلام، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دادگەی باڵای ئیتاڵیا بڕیاریدا حوکمەکەی مامۆستا وەک خۆی بمێنێتەوە، واتە 12 ساڵ حوکم، دادگە ئەم بڕیارەی بەزارەکی بەپارێزەرەکەی وتووە، ئێستا دادگە 90 رۆژی بەدەستەوەیە کە ئەو بڕیارە بەنووسین بداتە پارێزەرەکەی و ئەویش تەمیزی بکاتەوە، ئەگەر بەڵگەی نوێ هەیە پێشکەشی بکات، دوای ئەوە دادگە جارێکیتر دانیشتنی بۆ دەکاتەوە."
سەبارەت بە سزای 12 ساڵەکەش گوتی: "ئەو دۆسیەیە زۆر دوور و درێژە، هۆکاری ئەو 12 ساڵ زیندانیکردنە بەهۆی ئەوەیە کە نەرویج و ئیتالیا پێیانوابوو مامۆستا سەرکردایەتی بزاڤی رەوتی شاخ دەکات، هەر بۆیە لە زیندانی ئۆسلۆ دەنگی مامۆستا و ئەوانەشیان تۆمار کردووە، کە سەردانیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی رۆژنامەکان و سوعبەتکردنیان هەموو کردبووە تۆمەت لەسەری، بۆیە دواتر نەرویج بەزۆر رەوانەی ئیتاڵیای کرد."
نەجمەددین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا کرێکار، شەوی 25-3-2022، لە لایەن پۆلیسی نەرویج رەوانەی ئیتاڵیا کرا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 بەرپرسانی ئیتاڵیا رایانگەیاند، لانیکەم 15 کەسی گومانلێکراو لە شەش وڵاتی ئەوروپی دەستگیرکراون بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە چەکدارەکان و پلانداڕشتن بۆ ئەنجامدانی هێرش"؛ یەکێک لەوانە مەلا کرێکار بوو.
مەلا کرێکار لە تەمموزی ساڵی 2019 لەلایەن دادگەیەکی ئیتاڵیاوە بە "تاوانبار" ناسێندرا کە سەرۆکایەتیی گرووپێکی جیهادیی کردووە. رۆژی دووشەممە 15-7-2019 ، دادگەی بۆلزانۆی ئیتاڵیا، مەلا کرێکاری بە تۆمەتی پلاندانان بۆ کردەوەی تیرۆریستی بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزادا.
مەلا کرێکار کە پێشتر لە نەرویج دەژیا و زیندانی بوو، نەیتوانی بڕیاری دادگەکانی نەرویج لەسەر ناردنەکەی بگۆڕێت و لە نەرویج بمێنێتەوە، لە ماوەی مانەوەیدا لە نەرویج ، مەلا کرێکار چەندینجار دەستگیرکراوە، یەکێک لە تۆمەتەکانی "هەڕەشەکردن" بوو لە ئێرنا سۆڵبێرگ، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.
هەرچەندە مەلا کرێکار بە "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی" نەرویج دادەنرا، بەڵام لەبەر هەبوونی سزای سێدارە و ئەشکەنجەدان دادگەکانی ئەو وڵاتە رەتیانکردەوە دیپۆرتی بکەنەوە بۆ عێراق.
مەلا کرێکار لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لەدایکبووە. خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە. ماستەری لە خوێندنی ئیسلامی لە پاکستان وەرگرتووە. کەسێکی دیاری نێو رەوتە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستانە، ئەمیری پێشووی ئەنسارولئیسلام بووە، کە رەوتێکی سەلەفیی جیهادیی ئیسلامیی کوردی بوو. نووسەری چەندین کتێبە و وانەبێژ و بانگخوازێکی سەلەفی ـ جیهادییە.
ساڵی 1991 داوای پەنابەریێتی لە نەرویج کردووە و ساڵێک دواتر داواکارییەکەی پەسندکرا. ساڵی 2002 چالاکییەکانی لەنێو رای گشتی نەرویجیدا ئاشکرابوون. هەندێک لە سیاسەتڤانەکانی پارتی کۆنزێرڤاتیڤی نەرویجی داوای دیپۆرتکردنەوەیان کرد بەهۆی ئەوەی "هۆکاری مەترسییە" لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان، لەوکاتەوە کێشە و ناکۆکی تووند لەنێوان مەلا کرێکار، حکومەت و پارتە سیاسییەکانی نەرویج سەریانهەڵدا.
ساڵی 2004 مەلا کرێکار لە نەرویج دەستگیرکرا، دوای شەش مانگ ئازادکرا. ساڵی 2006 ناوی لەگەڵ ئەنسارولئیسلام کەوتە نێو لیستی تیرۆری ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ساڵی 2010 هەوڵی کوشتنی مەلا کرێکار درا لە نەرویج، ئەو کەسێکی دیکەی لەگەڵدابوو کە بەهۆی هەوڵەکە بریندار بوو. هاوژین و منداڵەکانی وڵاتینامەی نەرویجییان وەرگرتووە، بەڵام داواکەی مەلا کرێکار رەتکراوەتەوە.