نێچیرڤان بارزانی تابلۆیەکی هونەرمەندێکی سلێمانی پێشکێشی پاپای ڤاتیکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان تابلۆیەکی هونەرمەندی کورد شاناز جەمالی پێشکێشی پاپا کرد؛ هونەرمەندەکەش دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی وەک خەمخۆرێکی راستەقینەی کولتوور و هونەر، دیارییەکی هەڵبژاردووە کە گوزارشت لە قووڵیی مێژووی پێکەوەژیانی کورد دەکات."
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان لەلایەن پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان "بەشێکی رەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان."
وەک هێمایەک بۆ ئەو پێکەوەژیانە، نێچیرڤان بارزانی تابلۆیەکی تایبەتی پێشکێش بە پاپا کرد کە لەلایەن هونەرمەند (شاناز جەمال)ـەوە دروستکراوە.
شاناز جەمال، خاوەنی تابلۆکە لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "سوپاسی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە دیارییەکەی منی بەرز نرخاند؛ ئەو کەسێکە کە هەمیشە هەڵبژاردنەکانی تایبەتن و کولتووری کوردەواری و پێکەوەژیان بەرز دەنرخێنێت."
سەبارەت بە پێکهاتەی تابلۆکە، شاناز جەمال گوتی: "ئەم تابلۆیە بەرهەمی پێنج ساڵ کارکردنی بەردەوامە؛ زیاتر لە هەزار بەرد، یاقوت و کەرەستەی کوردیی تێدا بەکارهاتووە. تابلۆکە گوزارشت لە کڵێسای 'نۆتەردام'ی پاریس دەکات کە لەسەر بەرمال و جاجمی کوردی چنراوە."
ئەمە سێیەمین جارە نێچیرڤان بارزانی کارە هونەرییەکانی شاناز جەمال وەک پەیامی ئاشتیی کوردستان دەگەیێنێتە ڤاتیکان. شاناز دەڵێت: "جەنابی سەرۆک نەک تەنیا لە ڤاتیکان، بەڵکو لە زۆر شوێنی دیکە هەوڵی یەکبوون، یەکڕیزی و تەبایی دەدات و بەدوای ئەو بابەتانەدا دەگەڕێت، کە هەموو کوردستان بەبێ جیاوازی کۆبکاتەوە."
ئەم تابلۆیە دەبێتە شەشەمین کاری ئەم هونەرمەندە کوردە کە بچێتە ناو مۆزەخانەی ڤاتیکان. پێشتریش عەبایەکی دەستچنی بۆ پاپا فرانسیس دروستکردبوو کە هێماکانی ئەنفال، کیمیاباران و ئازارەکانی گەلی کوردی لەسەر نەخشێنرابوو.
شاناز جەمال کە خەڵکی شاری سلێمانییە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم رۆحییەتەی ئەو، رەنگدانەوەی سیاسەتی سەرکردایەتیی کوردستانە و دەڵێت: "هەمیشە کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان بووە. سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەمیشە خەمخۆری ئەم پێکەوەژیانە بوون، سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیش دەکەم، کە هەمیشە هەوڵی یەکڕیزی و خۆشەویستی دەدات."
شاناز جەمال هیوای خواست وەک "باڵوێزێکی ئاشتی" لەڕێگەی هونەر و کولتووری کوردییەوە، ناوی کوردستان بە جوانی بە جیهان بناسێنێت.