هاکان فیدان: کردنەوەی تەنگەی هورمز و دۆسیەی یۆرانیۆم لە چەقی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکادان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن لە لێواری قۆناخێکی نوێدایە. دەشڵێت، چەقی گفتوگۆکان بریتین لە کردنەوەی تەنگەی هورمز و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی ئێران.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یۆهان ڤادێفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا باسی لە دوایین پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران و پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا کرد.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کێشەیە مێژوویەکی 20 ساڵەی هەیە و گوتی: "پڕۆسەیەکی دانوستاندن هەیە بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، بەو مەرجەی تاران پابەند بێت بە سنوورەکانی پەیماننامەی قەدەخەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT). ئێستا لە لێواری دانوستاندنێکی نوێداین."
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بریتییە لە: "کردنەوەی تەنگەی هورمز و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، یان کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندنەکەی بۆ 3.5٪، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە ئێران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە."
هاکان فیدان تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و گوتی: "دوای ئەو هێرشەی لە حوزەیرانی 2025دا کرایە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بڕێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراو لەژێر داروپەردوودا ماوەتەوە و بەهۆی رووخانی تونێلەکانەوە کەس ناتوانێت دەستی پێیان بگات؛ ئەمریکییەکانیش لە رێگەی بۆشایی ئاسمانەوە چاودێریی دەکەن."
فیدان پێیوایە تاران کێشەی لەگەڵ بنەماکانی رێککەوتنەکە نییە، بەڵام ناکۆکی لەسەر "چۆنیەتی و ریزبەندیی جێبەجێکردنی مەرجەکان" هەیە و جەختی کردەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم دانوستاندنانە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە دوای 12 ساڵ دابڕان، "میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژیی تورکیا-ئەڵمانیا" دووبارە کەوتووەتەوە گەڕ و ئەمەش وەک نیشانەیەکی گرنگ بۆ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد.