پۆلیسی راپەڕین: مامەڵەی دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی بە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت

رووداو دیجتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، لەسەر دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 هاونیشتمانی ناوی خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا نووسیوە، لەو ژمارەیەش گوتەی هەزار و 100 کەس وەرگیراوە و دەشڵێت "مامەڵەی دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی لەگەڵ هاونیشتمانییان بە زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلار [10 ملیۆن دۆلار] دەخەمڵێندرێت."
 
لە بەرنامەی بەرپرسیاری ئەمڕۆ یەکشەممە 18-07-2021 کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، دوایین زانیارییەکان لەبارەی تەقەکردن لە ماڵی کەسوکاری سلێمان هەڵشۆیی و دۆسییەکەی کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە تاوتوێکرا. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، پارێزەری دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی لەگەڵ هاونیشتمانییەک کە ئاگاداری دۆسییەکەی سلێمان هەڵشۆییە لە بەرنامەکەدا بەشداربوون.
 
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دۆسییەکەی سلێمان هەڵشۆیی گوتی "تاوەکو ئێستا 85 کەس لەوانەی گوماندەکرێت مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردبێت دەستگیرکراون، بە بڕیاری دادوەریش لەو ژمارەیە 8 کەس بە سلێمان هەڵشۆییەوە تاوەکو ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و بەبڕیاری دادوەر راگیراون. ئەوانی دیکەش بە کەفالەت ئازادکراون."
 
"مامەڵە بە زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلار کراوە"
 
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە دەگوترێت لەنێوان سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی لەگەڵ هاونیشتمانییان مامەڵەی پێکراوە دەڵێت "زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلار [10 ملیۆن دۆلار] مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمە بەگوتەی ئەو هاووڵاتیانەی لە پۆلیس سکاڵایان لەسەر خودی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی تۆمارکردووە. دوای کۆکردنەوەی داتاکان دەرکەوتووە کە مامەڵە بە زیاتر لە هەزار دەفتەر دۆلارەوە کراوە."
 
لەبەرئەوەی تاوەکو ئێستا چەندین کەسی دیکەی سکاڵاکار ماون گوتەیان لێوەربگیرێت، شۆڕش ئیسماعیل دەڵێت "ئەو رێژەیەی پارەکە [10 ملیۆن دۆلارەکە] گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، رەنگە کاتی تۆمارکردنی سکاڵای زیاتر و وەرگرتنی گوتەی خاوەن سکاڵاکان رێژەی ئەو پارەیە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت."
 
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی راپەڕین، لەسەر دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 300 هاونیشتمانی ناوی خۆیان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا تۆماکردووە و لەو ژمارەیەش گوتەی هەزار و 100 کەس وەرگیراوە.
 
هاونیشتمانییەک: رۆژانە هەڕەشەمان لێدەکرێت 

 

 
بایز کاک ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی سنووری ئیدارەی راپەڕینە و بەگوتەی خۆی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لێژنەیەکیان بۆ کەیسەکەی سلێمانی هەڵۆشیی پێکهێناوە و دەڵێت "ئێمە نوێنەری هەموو ئەو کەسانەیەن کە زەرەرمەندبوون، بەڵام هەڕەشەمان لێدەکرێت." دەشڵێت "تاوەکو ئێستا دەستپێشخەرییەک لەلایەن تۆمەتبارانەوە نەبووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
 
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان بەردەوام سەردانی دادگە و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بەو بابەتە دەکەن و دەشڵێت "بەردەوام لەسەرخەتین لەگەڵ ئەو کەسانەی کە زەرەرمەندبوون، ئەمەش بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە." 
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەم هاونیشتمانییە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە بەجیدی بێنەسەرخەت "ئەگەرنا رەنگە رۆژێک بێت خەڵک لەسەر ئەو کێشەیە بکرێتە قوربانی و بکوژرێت." ئاماژەی بەوەشدا کە "ئەو کێشەیە ئەوەندە گەورەیە رەنگە بە دادگە یەکلایی نەبێتەوە."
 
پارێزەرێک: ئەوانەی بەکەفالەت ئازاددەکرێن مانای ئەوە نییە لە دۆسییەکە چوونەتە دەرەوە
 
ئەبوبەکر حەمە ئاڵی، پارێزەری بەشێک لەو کەسانەی کە لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی بە بڕیاری دادگە راگیراون، بەشداریی بەرنامەکەی کرد و بە رووداوی راگەیاند " لێکۆڵینەوە لە کێشەکەی سلێمان هەڵشۆیی و هاوبەشەکانی بەردەوامە. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوانەی بەکەفالەت ئازاددەکرێن مانای ئەوە نییە لە دۆسییەکە چوونەتە دەرەوە. بۆیە دەبێت هاووڵاتیان پشوودرێژبن."
 
سەبارەت بە تەقەکردن لە ماڵی کەسوکاری سلێمان هەڵشۆیی، ئەو پارێزەرە گوتی "ئەم رووداوانە خوازراون و خەڵكێک هەیە رەنگە هەڕەشە بکات، بەڵام دۆخەکە بەرەو هێوربوونەوەیە و دادگەی پشدەر گوتەی سەرجەم سکاڵاکارانی وەرگرتووە."
 
شەوی رابردوو 17-07-2021 لە قەڵادزێ بە کڵاشینکۆڤ تەقە لە ماڵێک کرا کە خێزان و خانەوادەی سلێمان هەڵشۆیی تێدابوو. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو "کەسێک پاش ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بە چەکی جۆری کڵاشینکۆف تەقەی لە ماڵێک کرد کە ئەو خانووە خێزان و خانەوەدەی سلێمان هەڵشۆیی تێدایە و دوایی رووداوەکەش دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست."
 
سلێمان هەڵشۆیی، کە وەک بازرگان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر خۆی ناساندبوو و رۆژی 20-12-2020  مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند و دواتر لەلایەن هێزێکی ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانی لە ماڵەکەی برایە دەرەوە و ئێستا بە بڕیاری دادوەر لە بەشی گرتن و گواستنەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەستبەسەرە.